لە بەغدا دەست بەسەر چوار کۆگەی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەدا دەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەستی بەسەر چوار کۆگەی کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە لە ناوچەی شەعبی بەغدا گرت، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین."
رۆژی پێنجشەممە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی بەغدا، رایگەیاند "لە ناوچەی شەعبی باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، دەست بەسەر چوار کۆگەی کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەدا گیرا."
بەپێی فەرماندەییەکە، ئەو چوار کۆگەیە لەلایەن هێزێکی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاسایشی بەغدا و وەزارەتی پەروەردە دەستی بەسەردا گیراوە، دوای ئەوەی زانیاریی وردیان پێگەیشتووە ئەو کتێبانە لە بازاڕی ناوچەی شەعب لە چەند کۆگەیەکدا شاردراونەتەوە.
ئەو کتێبانەی دەستیان بەسەردا گیراوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراونەتەوە، وەکو فەرماندەییەکە رایگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە رووداوی گوت "ئێمە ئاگاداری دەستبەسەرداگرتنی ئەو کتێبانە نین، بەهۆی ئاگادارکردنەوەی ئێمەشەوە نەبووە، بۆیە بە دیاریکراوی نازانین چەند کتێبن و چۆن براونەتە دەرەوە."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەو کتێبانە لە کۆگەکانی وەزارەتی پەروەردە براون و فرۆشراون، بەشێکیشیان ئەو کتێبانەن کە ساڵانی پێشتر لە چاپدراون و بە نرخی هەرزان فرۆشراونەتەوە.