نرخی پلیتی دووەم یاریی ئامەدسپۆر لە 60 سەنتەوە دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئامەدسپۆر رۆژی دووشەممە 19-8-2024، کاژێر 9:00ـی شەو لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی قوتابخانەکانی ئوغور ئیستەنبووڵ دەکات. 
 
کارگێڕیی ئامەدسپۆر نرخی پلیتەکانی ئەو یارییەی راگەیاند و هانی جەماوەرەکەی دا بۆ ئەوەی لە یاریگە ئامادە بن. نرخی پلیتەکان بە گوێرەی شوێنی دانیشتن دەگۆڕێت و سێ جۆرە؛ نرخی پلیتەکانی پشت گۆڵچی 21 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 60 سەنت. نرخی پلیتەکانی ریزی ماراسۆن، 121 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 3.6 دۆلار. نرخی شوێنی داخراویش 221 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 6.6 دۆلار.
 
یارییەکەی ئامەدسپۆر لە کەناڵەکانی بێن- سپۆرت و TRT1-ی تورکی پەخش دەکرێت.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە یەکەم یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا لە ئیستەنبووڵ رووبەڕووی یانەی فاتیح کاراگومرک بووەوە و یارییەکە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
 
ئامەدسپۆر لە وەرزی 2023-2024 لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور یاری کرد و توانی بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوان. ئەو یانەیە لە کۆی 35 یاری 24 بردنەوە، 8 یەکسانبوونی تۆمارکرد و تەنیا سێ دۆڕانی هەبوو. ئامەدسپۆر 73 گۆڵی تۆمارکرد و 26 گۆڵی لێکرا.