رۆژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تائێستا دیار نییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆنابێتەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنیش بۆ کۆبوونەوە ئاگادارنەکراونەتەوە.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ناکرێت، کۆبوونەوە هەبێت پێشتر ئەندامانی ئەنجوومەن بەفەرمی و لە رێگەی سەرۆکی ئەنجوومەنەوە ئەندامان ئاگادار دەکرێنەوە، بەڵام ئێمە بۆ هیچ کۆبوونەوەیەک کە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت ئاگادار نەکراوینەتەوە."
 
سەبارەت بەوەی ئایا هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکرێت یان نا، روونیکردەوە: "تاوەکو ئێستا دیارنییە ئایا هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەگەر کۆبوونەوەش هەبێت هێشتا دیارنییە باسی چی دەکرێت و کارنامە چی دەبێت، پێشوەختە دیاری دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە."
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە، دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی 10ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئاب، ئەنجوومەن کۆبوونەوەی دووەمی بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکان لە قەزاکانی دووبز، داقوق و حەویجە، بکات. 
 
شەوی 10ـی ئەم مانگە بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.