باڵیۆزی بەریتانیا: نێچیرڤان بارزانی دیپلۆماتێکی خۆڕسکە و لە رێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە وەسفی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا دەڵێت، ئەو کەسێکە لە رێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە و داوا دەکات بۆ بەرنامەی داهاتووی بێستوون تۆک بانگهێشت بکرێت.
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک، کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "کاک نێچیرڤان دیپلۆماتێکی خۆڕسکە. ئەو لە رێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە."
ئەڵوەند زنار، خوێندکارێکی کوردە و خەڵکی دهۆکە، لە بەرنامەکە کە رۆژی پێنجشەممە، 15-08-2024، پەخشکرا پرسیارێکی ئاراستەی باڵیۆزە بەریتانییەکە کرد و گوتی: "دەمەوێ بۆچوونی بەڕێزت بزانم کە چۆن هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی دەبینی لە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە عێراق و چارەسەرکردنی ئاڵۆزیی نێوان بەغدا و هەولێر؟"
هیچن جیا لە وەسفی نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەو تەنیا کەس نییە کە لەوەدا باشە. پێموایە سەردانی کاک مەسرور و دواتریش کاک مەسعود هەر زۆر گرنگ بوون. هەموو ئەو سیاسییانەی لە بەغدا چاوم پێیان کەوتووە خۆشحاڵ بوون بە بینینی کاک مەسعود؛ هەروەها گوتیشیان کە گفتوگۆیەکی تەواو راشکاویان کردووە."
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ستیڤن هیچن گوتی: "هێشتا کێشەکان ماون. کێشەکانی بودجە وا دەردەکەون کە چارەسەر بووبن، بەڵام پێموایە دادپەروەرانەیە کە بڵێم کێشە راستەقینە قووڵەکە بۆ چەندین دەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان پێیان وابووە ئەوەی بەغدا لاواز دەکات، ئەوان بەهێز دەکات. لە هەندێک خاڵدا دەبێت بزانرێت گەشانەوەی ئێمە بە یەکدییەوە بەسراوەتەوە. پێموایە ئەوە بۆ هەردوولا هەنگاوێکی گەورەیە کە بینێن، چونکە مێژوویەکی دوور و درێژ هەیە و گەلێک سەختی هەبوون و زۆر کەس ئازاریان چەشتووە."
لە کۆتایی بەرنامەکە، بێستوون عوسمان پرسیارێکی ئاراستەی هیچن کرد و گوتی: "پێتوایە دوای تۆ بۆ بەرنامەی دواتر دەبێت کێ لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت؟" لە وەڵامدا باڵیۆزی بەریتانیا گوتی: " ئەو کەسەی حەز دەکەم لێرە دابنیشێت و خەڵک پرسیاری لێ بکەن، کەسێکە زۆر شتی باشم لە بارەیەوە گوت، کاک نێچیرڤان بارزانییە کە پێموایە کەسێکی زۆر باش دەبێت لێرە دابنیشێت. بە دڵنیاییەوە سەیری ئەو بەرنامەیە دەکەم."
بێستوون تۆک بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوە و تاوەکو ئێستا حەوت زنجیرەی لێ پەخش و بڵاوکراوەتەوە. لە بەرنامەکە چەندین کەس و سیاسەتڤانی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراق بانگێشت کراون و گەنجان و خوێندکاران پرسیاریان لێکردوون؛ لەوانەش: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە؛ جێنین پلاسخارت، نوێنەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.