باڵیۆزی بەریتانیا لە بێستوون تۆک: زۆر سەختە کەسانێک ئەنفالت بکەن و دووبارە متمانەیان پێبکەیتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی ئەنفالەوە دەڵێت، زۆر سەختە هەزاران کەس بە ئەنفال لەدەست بدەیت و جارێکی دیکە متمانە بکەیتەوە. داوا لە نەوەی ئێستا دەکات پێکەوە ئەو مێژووە تێپەڕێنن و بزانن متمانە بەکێ دەکەن.
 
ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک، کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات و رۆژی پێنجشەممە 15-08-2024 لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، گوتی: "من وەک بیانییەک پێموایە هەرکەسێک دەتوانێت زۆر بە روونی ئەو برینانە ببینێت کە زۆر سەختە 170 هەزار کەس لە دەست بدەیت و جارێکی دیکە متمانە بە کەسێکی دیکە بکەیت. نازانم ئێوە چۆن دەتوانن خۆتان ناچار بە متمانەکردن بکەن."
 
بەرنامەی ئەمجارەی بێستوون تۆک لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق تۆمارکرا. لە بەرنامەکە 200 خوێندکار لە 59 زانکۆی جیاوازەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداربوون. 
 
دالیا فەتحی، ئەو کچە کوردە بوو کە داوای لە باڵیۆزی بەریتانیا و هەموو ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە کرد، خولەکێک بە بێدەنگی بۆ گیانی ئەو 8000 بارزانییە بوەستن کە لە 31-07-1983، بە فەرمانی رژێمی بەعس لە چیاکانەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و شەهید کران.
 
دالیا کە ئێستا چارەسەرکاری سروشتییە و دانیشتووی هەولێرە، لە بارزانەوە جامانەیەکی سووری بە دیاری بۆ ستیڤن هیچن بردبوو، پێش ئەوەی دیارییەکەی پێبدات دالیا گوتی: "ئەگەر ئێوە لە وڵاتی بەریتانیا خاوەنی تاجی شاهانەیی گرانبەها و پاشایەتی بن، ئێمە لێرە لە کوردستان خاوەنی جامانەی کوردین كە هێمای تێکۆشان و بەرخۆدان و قوربانیدانی چەندین هەزار شەهید و ئەنفال کراوەکانە."
 
ستیڤن هیچن لەکاتی وەرگرتنی جامانەکە گوتی: "نازانم دوای ئەمە خەندە بکەم یان بگریم، بەڵام دەزانم کاتێک لە هەولێر هاوڕێکانم دەبینم، کاک مەسعود و کاک مەسرور و کاک نێچیرڤان، رەنگە ئەمە لەسەر بکەم."
 
باڵیۆزەکەی بەریتانیا رووی دەمی لە گەنجان کرد، داوای لێکردن ئەوان دەبێت بزانن چۆن دەتوانن ئەو مێژووە تێپەڕێنن و دوای ئەو هەموو شتە ناخۆشە متمانە بەکێ دەکەن.
 
هیچن هەروەها گوتی: "ئەو شتە ناخۆشانە بەسەر هەموو کۆمەڵگەکاندا هاتوون. کوردیش بەسەرهاتی ناخۆشی خۆیانیان هەیە؛ بەڵام ئەوەی لەمەوە تێیدەگەین ئەوەیە کە ئێوە لە فەرهەنگەکەتاندا شانازییەکی گەورەتان هەیە، زۆر ئاواتەخوازم لەگەڵ خۆمدا بۆ نیشتمانی خۆم بیبەمەوە."
 
بێستوون تۆک بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوە و تاوەکو ئێستا حەوت ئەڵقەی لێ بڵاوکراوەتەوە. لە بەرنامەکە بێستوون عوسمان بانگێشتی بەرپرس، کەسانی گرنگ و سیاسەتڤانان دەکات بۆ ئەوەی رووبەڕووی پرسیاری خوێندکاران و گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق ببنەوە.