سەرۆکی جەهەپە سەردانی ئامەد دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) سەردانی ئامەد دەکات. لەگەڵ هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی شارەکە کۆدەبێتەوە و باسی کێشەی کورد دەکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024 ناوەندی راگەیاندنی جەهەپە بڵاویکردەوە، ئۆزگۆر ئۆزەل، رۆژی 22ـی مانگ سەردانی ئامەدی باکووری کوردستان دەکات. "سەرەتا لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنەکانی پارتەکەی کۆدەبێتەوە. دواتر سەردانی گەورەشارەوانیی ئامەد دەکات و لەگەڵ سێرا بوجاک و دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکە کە ئەندامانی دەم پارتین، کۆدەبێتەوە." 
 
سەرۆکی جەهەپە لەگەڵ پارێزگاری ئامەد و دواتریش لەگەڵ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئامەد کۆدەبێتەوە. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتارێک پێشکێش دەکات. باسی کێشەی کورد، سیاسەتی قەیووم و دۆخی ئابووریی تورکیا بەگشتیی و ئامەد بەتایبەتی دەکات. 
 
سەرۆکی جەهەپە، بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە لە رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ ئەنجامدرا، سەردانی ئامەدی کرد. لەم هەڵبژاردنەدا جەهەپە تەنیا 25 هەزار و 221 دەنگی کۆکردەوە و هیچ شارەوانییەکی بەدەستنەهێنا. تەنیا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەیە. 
 
لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023دا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە کە بەربژێری سەرۆککۆمار بوو 651 هەزار و 793 دەنگی کۆکردەوە و بە رێژەی 71.96% زۆرترین دەنگی ئامەدی بەدەستهێنا. هەروەها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش جەهەپە 97 هەزار و 405 دەنگی کۆکردەوە و کورسییەکی لە ئامەد بەدەستهێنا.