کۆنسووڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر: پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، پەیامێکی ماڵئاویی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە تامەزرۆییەوە چاویان لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە، کە دەمێکە چاوەڕوانکراوە، دەشڵێت: "پێکەوە پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە."
مارک سترۆ، کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا کە کۆتایی بە ئەرکەکەی هاتووە، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە: "پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پەیوەندییەک کە قوربانیدانی هاوبەش پێکیهێناوە و بە بەها هاوبەشەکان بەهێزکراوە."
کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا ئاماژە بە دەستکەوتەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "لە ماوەی ساڵی رابردوودا پارێزگاریی یاساییمان بۆ پەنابەران بەهێزترکرد و خستمانە سەر رێککاری رێکخراوی خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوبەشیمان پێکهێنا بۆ پێشخستنی مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی رەگەزی، هەمەچەشنکردنی ئابووری، هاندان و بیرۆکە بەخشین بە کارسازانی داهاتوو، پێشخستنی ئازادیی راگەیاندن، نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە کولتوورییەکان، پاڵپشتیکردن لە پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی یەکترقبوڵکردن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتووی دەرچووانی زانکۆ بۆ کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی یەکەم هەلی کارکردنیان."
باسی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "پێکەوە پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە کە ئەرکێکی بنەڕەتییە لە دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ هەرێمی کوردستان و لایەنێکی بنچینەیی ئەو هاوبەشییە دوورمەودایەیە کە لە بواری ئاساییشدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمانە."
سەبارەت بە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیش، مارک سترۆ دەڵێت: "بە تامەزرۆییەوە چاومان لەسەر هاتنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە کە لە مێژە چاوەڕوانکراوە و لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا دەکرێت."
کۆنسووڵی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات بۆ "میوانداریی قەشەنگیان و هاوبەشیکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و هەمەڕەنگەکەیان لەگەڵم."
خزمەتکردنیشی لە هەرێمی کوردستان بە "شانازی و دەستکەوتێنی گەورە و مەزن" ناودەبات و دەڵێت: "دەزانم هەمان پێشوازیی گەرم و پشتگیریی تەواوەتیی خۆتان لە (ستیڤ بیتنەر)ـی جێگرەوەم دەکەن لەکاتی دەستبەکاربوونی لە بەردەوامییدان بەمکارە گرنگە."
مارک سترۆ، لە ئابی ساڵی 2023، لە شوێنی ئيرڤن هيكس جوونيهر وەک کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاربوو، ئەو پێشتر لە پاکستان و چەند شوێنێکی دیکە کاریکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هيواى سهركهوتنى بۆ خواست.