ئەمریکا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێشوازیی لە کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کرد. کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا باسی لەوە کرد وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ برەودان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستیڤن بیتنەر، ‌کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
 
لە کۆبوونەوەکەدا مارک سترۆ، کۆنسووڵی پێشووی ئەمریکاش ئامادەبوو، مەسرور بارزانی سوپاسی کرد بەهۆی کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە. 
 
کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا، بەپێی ماڵپەڕی حکومەت "وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا. باسی لە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی بەهاداری ئەمریکا لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
 
کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە سەردانی فەرمیی سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، کە "رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پێدانی روونکردنەوەی پێویست لەبارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هیواشی خواست ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوام بن." 
 
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.