4200 خێزانی عەرەبی هاوردە قەرەبوویان وەرگرتووە و بۆ پارێزگاکانیان نەگەڕاونەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
نەگەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکانیان دوای وەرگرتنی قەرەبووش
نەگەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکانیان دوای وەرگرتنی قەرەبووش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

4200 خێزانی عەرەبی هاوردە قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە، کەچی بۆ پارێزگاکانی خۆیان نەگەڕاونەتەوە و لە باشووری شاری کەرکووک، خانوو و گوندی زێدەڕۆیان دروستکردووە و تێیاندا نیشتەجێ بوون. 
 
یەکێک لەو شوێنانە، گوندی ئینتسار (واتا سەرکەوت)ـە کە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دروستکراوە. گوندەکە 400 خێزانی تێدا نیشتەجێ بووە، کە قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە و دەڵێن "ناڕۆینەوە و، دەمانەوێت لێرە بمرین." 
 
فەیسڵ حەمید موختاری گوندەکەیە، لەبارەی جێهێشتنی گوندەکە بە رووداوی گوت "نەخێر قبوڵی ناکەین، چونکە ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزە و کەس و کارمان لێرە بوون و لێرە دەمرین، نەوەکانیشمان لەسەر ئەم زەویە دەمرن. خەڵک لێرە هەمووی کرێکار و ماندوون، لەسەر شەقامەکان سەوزە و میوە دەفرۆشن و کرێکاری دەکەن، دۆخی کرێکاریش دیارە."-
 
13 هەزار خێزانی هاوردە لە چوارچیوەی مادەی 140، بڕی 20 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەویان لە پارێزگاکانی خۆیان وەکو قەرەبوو وەرگرتووە، بەڵام لە کەرکووک ماون و داوای پرۆژە و بایەخدان دەکەن.
 
سامی محەممەد دانیشتووی گوندی ئینیسار بە رووداوی گوت "گوندەکە پڕە لە خەڵک و سنوورەکە فراوانە، لەم دۆخە قورسە بۆ کوێ بڕۆن؟ ئومێد دەکەین حکومەت بە چاوی بەزەییەوە لێمان بڕوانێت و شەقامەکەمان بۆ قیرتاو بکات، چونکە هیچ خزمەتگوزارییەکمان نییە."
 
نووسینگەی کەرکووکی ماددەی 140ـی دەستوور بە دانانی چەند مەرجێک بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوردەکان، دەیەوێت رێگری بکات لەمانەوەی ئەو هاوردانە لە کەرکووک، کە قەرەبووی 140 وەردەگرن. 
 
بابەکر سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێ "ئەوەی نەڕۆیشتووەتەوە، دۆخە سیاسییەکە رێگربووە، لەو سەردەمەدا راکان سەعید بەوەکالەت پارێزگار بوو، پاڵپشتیانی دەکرد و ئێمەش نەمانتوانیوە ئەو خەڵکانە دەستنیشان بکەین و بیاندۆزینەوە، دەبێت ئەوەی ئێستا قەرەبوو وەردەگرێت، هەموو بەڵگە فەرمییەکانی شارەکەی خۆی بهێنێت، مەبەست ئەو شارەیە کە لێوەی هاتووە."
 
هێشتا 5600 خێزانی هاوردە قەرەبووی مادەی 140ـیان وەرنەگرتوو و چاوەڕێی چەکی بانکن. 44 هەزار خێزانی ئاوارەی گەڕاوە بەبڕی 10 ملیۆن دینار قەربووکراونەتەوە و هێشتا 7500 خێزانی ئاوارەی دیکەش ماون، قەرەبوو بکرێنەوە. 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە