سەرۆک بارزانی و کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە كونسووڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر کرد. بەپێی بارەگای بارزانی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ی ئابی 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی و ستێڤ بیتنەر، كۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر بە بەشداریی مارك سترۆ، كۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمەریكا کۆبوونەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا کرد "هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست" و "پێزانینی بۆ رۆڵی كۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتە دەربڕی."
 
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی، سوپاسی ئاراستەی گەل و حكومەتی ئەمریكا كرد، كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا "پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە بە تایبەت لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ كوردستان لەدوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 1991 و رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003 و هەروەها یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر."
 
بارەگای بارزانی دەڵێت: "هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا."