وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچە و مینحەی 20 هەزار زیندانی سیاسی دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، لارییان نییە لەسەر خەرجکردنی نزیکەی 9 ملیار دینار بۆ زیاتر لە 20 هەزار زیندانی و گیراوی سیاسی، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە زیاتر لە 10 ساڵە مووچە و مینحەیان وەرنەگرتووە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا، سەرەتای ئەم مانگە بە ژمارە 2/2/10140، ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و را و رەزامەندیی لەبارەی مینحەی زیندانییان و گیراوانی سیاسییەوە دەربڕیوە.
 
لە نووسراوەکەدا وەزارەتەکە رای خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەنجوومەن کە ئاماژەی بە نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، تێیدا داواکارن بە خەرجکردنی  8 ملیار و 827 ملیۆن و 750 هەزار دینار وەکو مینحەی مانگانە بۆ 19 هەزار و 592 زیندانی و گیراوی سیاسیی بۆ بەشەکانی 9، 10، 11، 12، 13، 14 و 15 کە بۆ ماوەی 10 ساڵە و لە ساڵی 2013ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەریان نەگرتووە و سەرجەم رێککارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، لەلایەن لیژنەی تێڕوانینی زیندانی و گیراوی سیاسییەوە پشتڕاست کراونەتەوە و بە زیندانی و گیراوی سیاسیی ناسێندراون، بۆ ئەوانەی کە مینحەی مانگانە نایانگرێتەوە و ژمارەیان هەزار و 29 کەس دەبێت، کە زیندانی سیاسین و تەنیا بۆ یەک جار خەرجدەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "رای وەزارەتمان ئەوەیە بەپێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو و پەیڕەوی ژمارە 8ـی ساڵی 2020ـی ئەنجوومەنی وەزیران و رێنمایی دارایی ژمارە 19ـی ساڵی 2012 و ژمارە 35ـی ساڵی 2012، لاریمان نییە بۆیان خەرجبکرێت، لەبەر ئەوەی سەرجەم رێککارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، بە مەرجێک تەرخانکراوی داراییان بۆ دابینبکرێت بەپێی لیستەکانی هاوپێچکراو."
 
لەگەڵ نووسراوەکەدا، وەزارەتی دارایی دوو لیستی هاوپێچ کردووە، کە ناوی 20 هەزار و 621 کەسی تێدایە، لیستێکیان ناوی 19 هەزار و 592 کەس کە مینحەی مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە، لەگەڵ لیستێکی دیکە کە مینحەی یەکجاریان پێدەدرێت و 1029 کەسن و بڕی پارەی خەرجکراو بۆ یەکەمیان 6 ملیار و 942 ملیۆن دینار و دووەمیان یەک ملیار و 885 ملیۆن دینارە، نێردراوە.

 

 
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لیستی ناوەکانمان ناردووە بۆ ئەوەی رەزامەندیی تەرخانکردنی مینحە و مووچەی مانگانەیان بۆ بدرێت، هێشتا بەشێکی دیکەش ماون کە پشتڕاست بکرێنەوە."
 
مووچەی مانگانەی زیندانی و گیراوانی سیاسی بۆ ئەو کەسانەیە کە زیاتر لە شەش مانگ لە زینداندا ماونەتەوە، ئەوانەشی لە شەش مانگ کەمتر بێت، ئەوا بڕە پارەیەک دەبێت کە پێی دەگوترێت مینحە و بۆ یەکجار و بەپێی مانگەکانی گرتنی بۆی خەرج دەکرێت.
 
دوای راگرتنی مووچەکانیان بەهۆی قەیرانی دارایی و دواتر  لێکۆڵینەوە لە ناوی ئەو کەسانەی شایستە نین، لە دوای 2014ەوە مووچەی زیندانیانی سیاسیی راگیرا، بەڵام دواتر بە چەند لیست و قۆناخێک دەستیپێکردەوە.
 
کانوونی دووەمی ساڵی 2022، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێنجەم لیستی ناوی زیندانی سیاسیی راگەیاند، کە مینحەی مانگانەیان بۆ خەرجدەکرێت.