چوار هونەرمەندی میللی کە لە جۆلەمێرگ حوکمدران، بە مەرج ئازادکران

رووداو دیجیتاڵ

چوار هونەرمەندی میللی لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بە ساڵێک و 3 مانگ حوکمدران، دادگە بە مەرج ئازادی کردن.
 
لە ئۆپەراسیۆنێکدا رۆژی 28-7-2024 هێزەکانی ئاسایشی جۆلەمێرگ، چوار هونەرمەندی میللیان دەستگیرکرد کە تۆمەتبار کراون بە بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). 
 
لە تۆمەتنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەو چوار هونەرمەندە لە سێ گەڕەکی جۆلەمێرگدا لە ئاهەنگەکان گۆرانیی تایبەت بە پەکەکەیان گوتووە. 
 
هەریەک لە هونەرمەندان ئۆزگون تەکچە، عەلی تەکین، ئیلهان ئاکدۆغاب و بەدرخان ئوچار کە لە ئاهەنگەکاندا بە زمانی کوردی گۆرانیان دەگوت، دەستگیرکران و تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ، کە گوایە گۆرانیی تایبەت بە پەکەکەیان گوتووە. 
 
دادگە سزای ساڵێک و سێ مانگی بەسەر هەریەک لەو 4 هونەرمەندەدا سەپاند. دواتر دەستەی دادوەران بڕیاریان دا ئەو چوار هونەرمەندە بە مەرج ئازاد بکرێن.
 
بەگوێرەی یاسا، ئەگەر تاوەکو 5 ساڵ، هەمان تۆمەتیان لەسەر بێت و بسەلمێندرێت، راستەوخۆ حوکمەکەیان لەسەر جێبەجێ دەبێت و دەبێت بخرێنە زیندانەوە.