لە سەر ئاڵۆزییەکانی کانی بەردی ورمێ 32 هاونیشتمانی زیندانی کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر ئاڵۆزییەکانی کانی بەردی ئاغەرەی تیکاب لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 32 هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی ئاغەرەی ناوەند رەوانەی زیندانی ورمێ کران.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، دوابەدوای ئەو رووداوانەی لە 10ی ئابی ئەمساڵدا لە کانی بەردی ئاغەرە روویاندا و ئەو کارەی دانیشتووانی گوندەکە کردیان کە بریتی بوو "لە گردبوونەوە، داخستنی رێگەی کانەکە و ملکەچنەبوون بەرامبەر یاسا و لێدانی سەربازەکان"، داواکاری گشتی پرسەکەی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە.
 
ناسر عەتەباتی گوتی، 32 کەس دەستگیر کران و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، بە فەرمی لە لایەن داوکاری گشتییەوە تۆمەتەکانیان ئاراستە کرا و رەوانەی دادگە کران.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە ئەو بەڵگەنامانەی کە تایبەت بە رووداوەکە لە لایەن داواکاری گشتی، هێزەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە کۆکرابوونەوە، هەروەها وەرگرتنی گوتەی چەند پۆلیسێک وەکو شاهێدحاڵ، تۆمەتەکانی ئەو 32 کەسەی خەڵکی ئاغەرە لەلایەن دادگەوە پشتڕاستکرانەوە و بۆیە دادگە بریاری گرتنی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد و رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.
 
بەرپرسەکەی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ، سەبارەت بە وردەکاری بڕیارەکەی دادگە لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەوە هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدا.
 
رۆژی 31.07.2023 دانیشتووانی گوندی ئاغەرەی نێوەڕاست لە بەردەم کانیی بەردی ئەو گوندە گردبوونەوە و داوایانکرد، بەڵێنی دامەزراندنی خەڵکی گوندەکە لەو کانە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەڕێوەبەرانی کانەکە، گرژی لەنێوان چەند کەس لە خەڵکی گوند و پاسەوانانی کانەکە روویدا؛ دواتر هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەقەیان لە دانیشتووان کرد و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی ناسر بەهرامییان، حوجەت موئمین‌زادە و ئارمین نیکزاد بریندار بوون.
 
رۆژی دواتر، هێزەکانی ئێران چوونە نێو گوندەکە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان بە تایبەت گەنجەکانی گوندەکەیان دەستگیر کرد.
 
پۆلیسی شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ پێشتر رایگەیاندبوو، هەندێک کەسیان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" دەستبەسەر کردووە و لە دادگە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
لە پایزی پارەوە، کۆمپانیایەک کاری دەرهێنانی بەرد لە کانی بەردی گوندی ئاغەرە دەستپێکردووە و پێشتر بەڵێنیان بە خەڵکی گوندەکە دابوو لەو کانە دایاندەمەزرێنن، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی 9 مانگ بەسەر دەستپێکردنی دەرهێنانی بەرد لەو کانە و دامەزراندنی ژمارەیەک خەڵکی دەرەوەی گوندەکە، هێشتا خەڵکی گوندەکانی ئاغەرەی سەروو، نێوەڕاست و خواروو دانەمەرزرێندراون.
 
لە ساڵانی رابردووشدا چەندینجار ناڕەزایی خەڵکی گوندەکانی ئاغەرە دژی دانەمەزراندنیان لە کانەکان گرژی لێکەوتووەتەوە.
 
گوندەکانی ئاغەرە سەر بە شاری تیکابن لە ناوچەی هەوشار. لە نزیک ئەو گوندانە دوو کانی زێڕی ئاغەرە و زڕەشۆران هەن. بە پێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و بازرگانیی ورمێ، 33.3 ملیۆن تۆن یەدەگی زێڕیان تێدایە.