ئومێد خۆشناو: ئاو دەگاتە ئەو ماڵانەی بێئاو بوون و بۆریی ئیفراز سێش دەگۆڕین

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاو بۆ هەموو ئەو ماڵانە بەردەدرێتەوە کە بەهۆی شکانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێرەوە بێئاو بووبوون و گوتیشی: "ئەم هەفتەیە پڕۆژەی گۆڕینی بۆرییەکە دەستپێدەکات." 
 
رۆژی دووشەممە 15-08-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دوێنێ چاککرایەوە و ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە بەو ماڵانەی کە بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە بێئاو بووبوون.
 
بەکارهێنانی ئاو لە پڕۆژەی ئیفراز سێ لە رۆژێکدا 210 هەزار مەتر سێجایە، بەڵام 192 هەزار مەترسێجا ئاو دەگات بە هاونیشتمانییان و مەبەست لە کەمی دابەشکردنی ئاو ئەوەیە شکاندنی بۆرییەکان کەمببێتەوە.
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە. بۆرییەکە رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابیندەکات؛ ئەو بۆرییە کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر دابیندەکات؛ گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: بۆ گۆڕینی تەواوی بۆڕییەکە، داوایەکمان ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئەویش رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی گوژمەی 20 ملیار دینار دەربڕیوە و گوتیشی، "ئەم هەفتەیە قۆناخی یەکەمی گۆڕینی بۆڕییەکە دەستپێدەکەین کە بڕی 5 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەگۆڕین لەو شوێنەیە کە بۆرییەکە زوو زوو دەشکێت." 
 
لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز هەن؛ ئیفراز یەک ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.