پاسدارانی ئێران لەسەر سنووری باکووری کوردستان شوانێکی کورد دەکوژن
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان شوانێکی کوردیان لە گوندی شکەفتانێ سەر بە شارۆچکەی شەمزینان کوشت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئابی 2021 لە گوندی شکەفتانێ سەر بە شارۆچکەی شەمزینانی جۆلەمێرگ، لە سنووری نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان شوانێکی کوردی تەمەن 20 ساڵ بە ناوی رۆستەم چاکماک کاتێک مەڕ و ماڵاتەکانی لە لەوەڕگاکانی ئەو ناوچەیەدا دەلەوەڕاند لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە لەسەر سنوور تەقەی لێ کراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەیهان کایا کە خزمی رۆستەم چاکماکە و دانیشتووی هەمان گوندە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتێک رۆستەم چاکماک لە کوێستانەکانی سەرچەلا مەڕ و ماڵاتی دەلەوەڕاند لەو دیوی سنوورەوە تەقەی لێکرا. بە گوتەی کایا گوللە بەر سەری رۆستەم چاکماک کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
هەر سەبارەت بەو رووداوە سەعید دەدە پەرلەمانتای هەدەپەی جۆلەمێرگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسدارانی ئێران سنووریان بەزاندووە و لە دیوی باکووری کورستانەوە تەقەیان لەو گەنجە کوردە و کوشتوویانە.
ئەو پەرلەمانتارەی جۆلەمێرگ گوتی: "رووداوەکە کاژێر 06:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە روویداوە، گەنجێکی کوردی تەمەن 20 ساڵ بەناوی رۆستەم چاکماک لە گوندەکەی خۆی لەسەر سنوور لەلایەن پاسدارانی ئێران، کە سنووریان بەزاندووە تەقەی لێکراوە و کوژراوە".
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، تەرمی ئەو شوانە کوردە لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی و خێزانەکەی لە نەخۆشخانە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا پاسدارانی ئێران و تورکیا چەندینجار هاونیشتمانی کوردیان لە نزیک ناوچە سنوورییەکان کردوونەتە ئامانج و گوتی: "ماوەیەک بەر لە ئێستا لە ناوچەی روبارۆک لە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان لە رووداوێکی هاوشێوەدا چەند گەنجێکی کورد لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە کرابوونە ئامانج".