سامانی ئاژەڵ: گۆشتی مریشک لە خواستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم دێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لە گۆشتی مریشکدا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە خۆبژێوی و ئەوەی بەرهەم دێت لە خواستی ناوخۆ زیاترە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانیش دەڵێت، لە فرۆشتندا پشتیان بە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەستووە.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە رێبوار عەلی پێشکەشی کرد و هەریەکە لە فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەروەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکان بەشدار بوون، باس لە زیادبوونی نرخی گۆشتی مریشک کرا.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: "ئێمە لە گۆشتی مریشکدا گەیشتووینەتە خۆبژێوی و ئەوەی بەرهەم دێت لە خواستی ناوخۆ زیاترە. لە هەرێمی کوردستاندا 1676 رۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەری گۆشت هەن. کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019وە هاوردەکردنی مریشکی بەستوومان قەدەخە کرد، ئێستایش کە چوار مانگێکە پارچەکانی مریشکیشمان قەدەخە کردووە، ئەوانە وایان کردووە پرۆژەی زیاتر دابمەزرێنرێن. ئێستا ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ 385 مامەڵەی بەرهەمهێنانی پەلەوەری گۆشتمان لە بەردەستدایە کە چاوەڕێن مۆڵەت وەربگرن."
 
سەروەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانیش گوتی: "بەرهەممان زۆر لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە و ئێمە لە فرۆشتندا پشتمان بە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەستووە. لە سنووری هەولێردا زیاد لە 600 پەلەوەرخانە هەیە. ئێستا هەرچەندە لە بەرهەمهێنان زیادەمان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی داخوازیی زۆری لەسەرە، بە تایبەتی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بۆیە نرخی زیادە."
 
نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاد بووە و هەر کیلۆیەک نزیکەی 3000 دینارە کە بەراورد بە پێشوو نزیکەی دووهێندە زیادی کردووە.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ئەو کاتەی نرخی مریشک هەرزان بوو و بە 1500 دینار بوو، ئەوە ئێمە ئەو نرخە بە نرخی زیانی خاوەنی پەلەوەرخانەکان هەژمار دەکەین. نابێت نرخی ئێستا و نرخی ئەو زیانە پێکەوە بەراورد بکرێن. ئالیک نرخی مریشک دیاری دەکات، هەتا نرخی ئالیک زیاد بێت نرخی مریشکیش زیاد دەبێت. سۆیا کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئالیکە تەنیا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەرهەم دەهێنرێت و لەوێیش گران بووە کە تۆنێکی بە 600 دۆلارە. ئێمە لەبەر ئەوە باجی سەر سۆیامان لابرد کە بۆ هەر تۆنێک 18 دۆلار بوو."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانیش دەڵێت: "بەهۆی کۆرۆناوە ئالیک کەمتر هاوردە دەکرێت، بەرهەمی ئالیکی ناوخۆیش پێداویستیی ناوخۆ پڕناکاتەوە و دابەزینی نرخی دیناریش بەرامبەر دۆلار کاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخی مریشک هەبوو. تێچووی هەر مریشکێک بۆ بەخێوکردنی تاوەکو فرۆشتنی بۆ هەر کیلۆیەک 1250-1450 دینارە. دووکاندار کە کیلۆیەک مریشک بە 3000 هەزار دینار بفرۆشێت، ئەوە لە کێڵگەدا بە 2500 دینارە."
 
هەروەها لەبارەی گۆشتی سوورەوە فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بۆ گۆشتی سوور زیاتر پشتی بە ئاژەڵداریی گوندەکان بەستووە و 74 پرۆژەی بەخێوکردن و قەڵەکردنی گۆلک هەن و، گوتیشی: "55٪ـی گۆشتی سووری هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو ئاژەڵدارییەی گوندەکان و ئەو پرۆژانەوە دابین دەکرێت. بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا زیاد نەبێت، بە کۆمەڵێک رێکاری تەندروستی رێگەمان داوە ئاژەڵ هاوردە بکرێت و لە سەربڕخانەکاندا سەرببڕێن."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی پێنج ملیۆن ئاژەڵی بچووک لە مەڕ و بزن و 255 هەزار ئاژەڵی گەورەیش هەن.