دوو گەنجی شاخەوان بەشێوەیەکی جیاواز و ترسناک هاوسەرگیری دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئاریان و ھەنگاو دوو گەنجی شاری سلێمانین، بڕیاریاندا بە شێوازێکی جیاواز و تایبەت پرۆسەی ھاوسەرگیریی و وێنەگرتنیان رێک بخەن کە دوو ھیوایەتی لێکچووی خۆیانە.
 
ئاریان ئەحمەدی تەمەن 37 ساڵ و ھەنگاو بژاری تەمەن 27 ساڵ، ئەندامی چالاکی گرووپی شاخەوانیی پیرەمەگروونن. ژیانی هاوبەشیان بە سەرکێشییەکی ترسناک دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، لەو ژیانەی دروستی دەکەن کێشە و گرفتەکان نەیانترسێنێت.
 
ئاریان ئەحمەد لەبارەی چۆنیەتی کارەکەیانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆمان کاری بەردەوانیی دەکەین کە بەشێکە لە شاخەوانی، ئەوەبوو کە بڕیارماندا دەستپێکی ژیانیشمان هەر لەوێ بێت. شوێنەکە شاخی هەنگێیە لە زنجیرەی چیای بەرانان،  رێوڕەسمەکە سێ کاژێری خایاند. 
 
ئەوەی کە ئەمجارە لە بەردەوانییەکانی پێشوویان جیاواز بووە، وەک ئاریان مەریوان دەڵێت، ئەوەیە کە جلوبەرگی تایبەتیی بەردەوانییان لەبەر نەبووە، بەڵام خۆیان ترسیان نەبووە چونکە وەک خۆی دەڵێت، کاری هەمیشەییان بووە و بەردەوام ئەوکارە دەکەن. 

 

 
ئەوە کارەش کە کردوویانە بەگوتەی ئاریان مەریوان بە سەرپەرشتیی دوو مامۆستای شارەزا بەناوەکانی سیامەند ئەحمەد و خالید کوتەلی بووە، بۆیە بە شێوەیەکی "رێکوپێک کۆتاییهاتووە".
 
بۆ یەکەمجارە لە کوردستان بەشێوەیەکی تایبەت و بەرنامە بۆ داڕێژراو هاوسەرگیرییەکی وا بکرێت. پێشڕەو وەسفی، وێنەگری رێوڕەسمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێنەگرتن لە بەرزی چیاکانەوە خۆی کارێکی تارادەیەک زەحمەتە ئەگەر بەو شێوەیەش بێت زەحمەتییەکەی زیاتریش دەبێت. 
 
پێشڕەو وەسفی گوتی، بەڕاستی ترسێکی زۆری ھەبوو و کارێکی زۆر قورس بوو بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر بڕیارەکەیان و بە سەلامەت و دڵخۆشییەکی زۆرەوە کۆتاییھات.