لە ئەرزەڕۆم بارهەڵگرێک بە 14 تۆن تەقەمەنییەوە وەرگەڕا


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچكەی ئیسپیر سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک، کە 14 تۆن تەقەمەنی دەگواستەوە، 2 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
کاژێر 22:00ی شەوی رابردوو لە گەڕەکی یوکاری ئۆزباغ لە شارۆچکەی ئیسپیر، بارهەڵگرێک 4 تۆن تی ئێن تی و 10 تۆن تێل و وایەری بارکردبوو، کە لە دروستکردنی تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێ، لە رێڕەوەی خۆی دەرچوو و خۆی کێشا بە دیوارێکدا لە کەنار رێگاکە و بەوهۆیەوە وەرگەڕا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی پۆلیس لەبارەی رووداوەکە بڵاویکردووەتەوە، کەنعان چەتین (29 ساڵ) شۆفێری بارهەڵگرەکە لە پەنجەرەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا و تورگوت چەتینی (29 ساڵ) ئامۆزای لەنێو بارهەڵگرەکەدا گیریخوارد و گیانی لەدەستدا.
 
دوای ئەوەی خەڵکی گەڕەکەکە لایەنە بەرپرسەکانیان ئاگادارکردووەتەوە تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی هەڵگرتنەوەی تیم دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی تەقەمەنییەکان کە لەسەر رێگەکە بڵاوبووەتەوە و تەرمی شۆفێرەکە و ئامۆزاکەشی گوازراوەتەوە پزیشکی دادی ئەرزەڕۆم و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
   
بەهۆی رووداوەکەوە بۆ ماوەیەک رێگای سەرەکی ئەرزەڕۆم-ئیسپیر بەڕووی هاتووچۆدا داخرا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو بڕە تەقەمەنییە لە ئەسکیشەهیرەوە براوەتە شارۆچکەی پازاریۆڵو لەوێشەوە گوازراوەتەوە بۆ شارۆچكەی ئیسپیری ئەرزەڕۆم.