171 رووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە دەگەیەنرێنە بەغدا

15-08-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەماوە ئەنفال رووفات
A+ A-

رووداو – سلێمانی

لە چوارەم رۆژی جەژندا رووفاتی 171 ئەنفالکراو کە لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە دەرهێنران، گەیەنرانە بەغدا و، لە مانگی داهاتووشدا دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی ئەنفالکاروان لە سەماوە هەڵدەدرێنەوە.

بەختیار فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ هەفتەی داهاتوو دەست بە پشکنین دەکرێت بۆ ئەو رووفاتانەی گەیەنراونەتە بەغدا.

هەروەها سالار مەحموود، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاند: دوێنێ (14-8-2019) رووفاتەکانی نێو یەکێک لەو سێ گۆڕەی بیابانی سەماوە کە ژمارەیان 171 رووفاتە، گەیەندراونەتە بەغدا و رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد سەر بە وەزارەتی تەندروستی کراون و پشکنینیان بۆ دەکرێت".

بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارەکانی پەیوەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، تیمێکی نیشتیمانی پێکهێنراوە کە بریتین لە: وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەزگای شەهیدانی بەغدا، پزیشکی دادی بەغدا، رێکخراوی ئای سی ئێم پی و، بەگوتەی بەختیار فەرەج، بڕیارە بەم نزیکانە لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی دووەم بکەن و بڕیار لەسەر هەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی دیکە بدەن، گوتیشی؛ گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەکەین.

لەبارەی هێنانەوەی رووفاتەکان بۆ کوردستان، بەختیار فەرەج، کە وەکو نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەرپەرشتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکات، گوتی: دوای پشکنینیان کار بۆ هێنانەوەیان دەکرێت، بەڵام هێشتا بڕیارنییە، ئەوانە دەهێنرێنەوە یان چاوەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیکە دەکرێت.


لە بارەی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان لە بیابانی سەماوە، راوێژکارەکەی سەرۆککۆمار دەڵێت؛ دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە نزیک قەڵای نوگرەسەلمانن. بەگوتەی ئەحمەد مەنفی پارێزگاری موسەنا ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە 60 بۆ 70 گۆڕی بەکۆمەڵ دەبن. 

سالار مەحموود، خۆی کەسوکاری ئەنفالە و چەندجارێک سەردانی سەماوەی کردووە، دەڵێت؛ تاوەکو ئێستا قەڵای نوگرەسەلمان شوێنەواری ئەشکەنجەدانی پێوەیە، بێجگە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەیان گۆڕی تاک هەن و لە هەندێک جێگا ئێسکوپرووسک دەرکەوتوون، ئەو شوانانەی بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات دەچنە ئەو ناوچەیە، خۆڵ بەسەر ئێسکەکاندا دەکەن و دەیانشارنەوە.

هێشتا کاتی گەڕانەوەی ئەو 171 رووفاتە، کە گەیەنراونەتە بەغدا دیار نییە، بەڵام، سالار مەحموود دەڵێت؛ هەوڵدەدەرێت لە مەراسیمێکی شایستە و بە ئامادەبوونی لایەنە فەرمییەکانی عێراق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێنەوە کوردستان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی خۆیان ببینن کە رژێمی بەعس چی بە سەر کورد هێناوە.

لەبارەی بەزیندووهێشتنەوەی کەیسەکە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکارای ئەنفالکراوان، راوێژکارەکەی سەرۆککۆمار پەیامێک دەنێرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت؛ با دۆسییەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بخرێتە چوارچێوەی گفتۆگۆکانەوە لەگەڵ بەغدا.
 
لە مانگی ئاداری 2018 چوار شوێن وەکو گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ناوچەی شێخەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەننا دەستنیشانکران، دوای پشکنین دەرکەوت یەکێکیان رووفاتی تێدا نییە، بەڵام یەکێکی دیکەیان هەڵدرایەوە، کە رووفاتی 171 ژن و منداڵی تێدابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ی پارتی: ئەنجامدەران باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسی لقی 22ی پارتی قسەی کرد. سەرکۆنەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن".