لقی هەولێری کۆمیسیۆن: دوو حیزب لیستی ناوی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردن نەگەڕاندووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، هێشتا نازانرێت وادەکە درێژدەکرێتەوە یان نا.
 
کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 15-07-2024 دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ درێژکردنەوە یان کۆتاییهاتنی وادەکە، دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بین کە ئێستا لە کۆبوونەوەدان."
 
بە گوتەی مەروان محەممەد، لە کۆی ئەو 11 حیزب و دوو هاوپەیمانییە کە پێشتر لە رێگەی لقی هەولێری کۆمیسیۆن خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەربڕیوە، دوو حیزب ماون کە لیستی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە.
 
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی 31 بەربژێری سەربەخۆ کە پێشتر خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیبوو، 25یان لیستی ناوەکانیان داوەتە کۆمیسیۆن.
 
مەروان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە 14 بەربژێری تورکمانیش 12یان پێداویستییەکانی خۆیان گەڕاندووەتەوە کۆمیسیۆن و مامەڵەکانیان تەواو کردووە، هەروەها 6 بەربژێری کریستیانیش لە کۆی 7 بەربژێر، لیستی ناوەکانیان گەڕاندووەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن زیاتر لە 80٪ـی ئامادەکاری و رێکارەکانی تەواوکردووە. لیستی بەربژێران، چاپکردنی کاخەزی دەنگدان، راهێنان بە کارمەندانی کۆمیسیۆن، سێ دیارترین هەنگاوەکانن ماون.
 
26-06-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.