بەرپرسی لقی 22ـی پارتی: تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەم کارێکی تیرۆرستی بوو

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئەکرەم ساڵح، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا
ئەکرەم ساڵح، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە کردەوەیەکی ''تیرۆریست''ـی ناوهێنا و گوتی، ''ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە گرووپ یان لایەنێک لەپشت کردەوەکە بن.''
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-07-2024) ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان لەبارەی رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کاژێر 09:30ـی بەیانی، کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم بۆ ئەوەی بچمە دەوام، لەگەڵ جووڵانی، ئۆتۆمبێلەکەم تەقییەوە و گڕێکی زۆر و دەنگێکی بەهێزی لێ بەرزبووەوە.''
 
ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، جیا لە خۆی، شۆفێر و پێشمەرگەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، ''بەڵام بە خۆشحاڵییەوە بەر لەوەی ئاگرەکە بگاتە ئێمە، توانیمان رزگارمان بێت، خۆم لە پێشەوە لەلای شۆفێرەوە دەرچووم.''
 
بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان رووداوەکە بە ''کردەوەیەکی تیرۆریستی'' دەزانێت و دەڵێت، ''پێدەچێت چاودێریی من کرابێت، چونکە پێشتر ئۆتۆمبێلەکەم لە ماڵەوە بوو، شۆفێرەکە هێنابوویە دەرەوە، نزیکەی 15 خولەک لە دەرەوە بوو و هیچ رووداوێک رووینەدا، بەڵام دوای ئەوەی خۆم سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم، تەقییەوە.''
 
ئەکرەم ساڵح پێیوایە، ئۆتۆمبێلەکەی لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ تەقێندراوەتەوە، ''بەڵام بە شێوازێک کە چاودێریی من کرابێت و ئاگاداری سەرکەوتنم لە ئۆتۆمبێلەکە بووبن.'' 
 
وەک بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان ئاماژەی دا، دوای تەقینەوەکە، ئۆتۆمبێلەکەی گڕی گرتووە و جارێکی دیکەش تەقیوەتەوە.
 
دەشڵێت، ''هیچ گرفتێکی پێشوەختەمان نەبووە و ئەوەی روویداوە، تەنیا بابەتێکی ئەمنی بوو، داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکانی سنوورەکە دەکەم، لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکەن، ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەبین.''
 
ئەکرەم ساڵح جەختی لەوە کردەوە، ''پێدەچێت گرووپ یان لایەنێک لەپشت کردەوە تیرۆریستییەکە بن، چونکە تەقینەوەی لەم شێوەیە بە کەسانی ناشارەزا ناکرێت.''
 
بەپێی زانیارییەکان تەقینەوەکە لەو شوێنە بووە کە ئەکرەم ساڵح لێی دانیشتووە، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، ''لەگەڵ تەقینەوەکە دەستبەجێ ئاگر هاتە ژوورەوە، هاتنە دەرەوەمان چەند چرکە زیاتری خایاندبووایە، هەموومان دەسووتاین، بۆیە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی رزگارمان بوو.''
  
بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لەبارەی بکەری کردەوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ''ئێمە، ناتوانین لێرەوە هیچ گومانێک بخەینە سەر کەس یان لایەنێک، بەڵام چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین.'' 
 
ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتاوە و زیان بە شووشە و جامی  ماڵی چەند هاونیشتمانییەکیش لە نزیکی شوێنی تەقینەوەکە کەوتووە، جگە لە برینی سووکی سەرنشینان، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."