رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە کەلار لە ماڵەکەی خۆیدا تەقییەوە و گڕی گرت. ئەکرەم ساڵح دەڵێ بۆمبی لکێنراو هۆکاری تەقینەوەکە بووە.
تەقینەوەکە کاژێر 09:50ـی بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-7-2024) لە گەڕەکی جووتیاران لە کەلار روویدا. ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی بە رووداوی گوت، هیچ کەسێک لە رووداوەکەدا بریندار نەبووە و گیانی لەدەست نەداوە.
جەختیش دەکاتەوە لەوەی بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێنراوە و تەقێندراوەتەوە.
شاهێدحاڵێک کە ماڵی لەبەرامبەر ماڵی بەرپرسەکەی پارتییە، بە رووداوی گوت "لە ماڵەوە خەوتبووم کاتێک دەنگێکی گەورە هات، هاتمە نێو حەوشەکەوە و بینیم شووشە بە ماڵمانەوە نەماوە، پارچەی ئۆتۆمبێلەکە بە ماڵمان کەوتووە و تەقینەوەیەکی زۆر گەورە بوو."
ماڵی شاهێدحاڵەکە 20 مەترێک لە ماڵی ئەکرەم ساڵح دوورە بەڵام بە گوتەی ئەو، پارچەی ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ تەقینەوەکە پەڕیوە و کەوتووەتە نێو ماڵەکەی ئەویش.
شاهێدحاڵەکان باس لەوە دەکەن، ئۆتۆمبێلەکە لە ماڵەوە بووە، دوای ئەوەی لە دەرگای دواوە تەقینەوەکە روویداوە و گڕیگرتووە، پاسەوانەکەی هێناویەتییە دەرەوە، لەدوای هێنانەدەرەوەشی بەتەواوی سووتاوە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی گەرمیان بە رووداوی گوت "ئەم بەیانییە چوونەتە سەر شوێنی رووداوەکە، هێشتا دیار نییە بە دیاریکراوی تەقینەوەکە بەهۆی چییەوە روویداوە، تەنها ئەوە دەزانن ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە."
ئاراس، پێشمەرگەیەکی لقی 22ـە و دەڵێ "ئۆتۆمبێلەکە کێشەی فیول پەمپی نەبووە و لە ماڵەوە بووە. کاتێک ویستوویانە لێیبخوڕن و بچنە دەوام، تەقیوەتەوە."
لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا بە گوتەی ئەو پێشمەرگەیە "شۆفێر و سکرتێری (ئەکرەم ساڵح) بە سووکی بریندار بوون، قۆڵ و کەمێک جەستەیان ئازاری پێگەیشتووە." دەشڵێ "کاک ئەکرەم خۆی رەوشی باشە و بریندارێکی ئەوتۆ نەبووە."
بە ڤیدیۆ.. ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم ماڵی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە کەلار ئاگری گرتووە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نازانرێت. pic.twitter.com/ojmpc7ulWn
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 15, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ