بزووتنەوەی ئیسلامی ناوی بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لیستی بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکات و بۆ پەرلەمان 38 بەربژێری دەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، کازم عوسمان گەچێنەیی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی کارە ئیداری و یاساییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقین بۆ رادەستکردنی لیستی ناوی بەربژێرەکانمان".
 
کازم عوسمان ئاماژەی بەوەکرد: "لەسەر ئاستی کوردستان کە چوار بازنەی هەڵبژاردنە، ئێمە لە بازنەکانی هەولێر، سلیمانی و هەڵەبجە بەشداری دەکەین و بەربژێرمان دەبێت، بەڵام لە بازنەی چوارەم کە دهۆکە هیچ بەربژێرێکمان نابێت".
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی: "لە بازنەی هەولێر ئێمە 17 بەربژێرمان هەیە و کەمال زراری سەرۆکی لیستەکەمانە، لە سلێمانیش 15 بەربژێرمان دەبێت و سەرۆکی لیستەکەمان وەلید فەرەجە".
 
دەربارەی بازنەی هەڵبجە کە خۆی سێ کورسییە و بەپێی یاساکانی کۆمیسیۆن شەش کەس دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات، بزووتنەوەی ئیسلامی شەش کەسی بەربژێر کردووە، بەڵام هێشتا سەرۆک لیست دیاری نەکراوە.
 
پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشتر سێ جار وادەی تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە و بەربژێرە سەربەخۆکانی درێژکردبووەوە دوای ئەوەی کە ژمارەیەک لایەن و پێکهاتە پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکانیان بە کۆمیسیۆن هەڵپەساردبوو، یەکێک لەوانەش بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بوو.
 
ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی بەربژێرەکانی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئاشکرا کرد و رادەستی کۆمیسیۆنی کردن.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە