رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لە زەویوزاری دەورووبەری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، "تەنیا پووش و پاوان سووتاون."
رۆژی دووشەممە 15ـی 7ـی 2024، ئەڤیندار عیزەت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "ئاگر لە دەوروبەری گوندی گرک سندی کەوتەوە؛ هیچ زیانی مادی و گیانیی نەبووە."
بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاند، "کاژێر 14:30ی دوای نیوەڕۆ، پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانیی زاخۆ کرا و لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە گوندی گرک سندی و ئاگادار کراینەوە [لە رووداوەکە]."
بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روونیکردووەتەوە: "ئاگرەکە تەنیا قەرسیل و پەڵاشی سووتاندووە؛ هێزەکانمان دەستبەجێ چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئێستا ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دووپاتیکردەوە: "ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە؛ ماڵ و خانوویش نەسووتاون، تەنیا پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە و ئاگرەکەیش کۆنترۆڵ کراوە."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە گوندی قەرەوەلی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاگر لە باخ و رەزی دوو هاونیشتمانی کەوتەوە. خاوەنی یەکێک لە باخەکان بەناوی بەشار بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە زاخۆ قسەی کرد و گوتی: "کاژێر 12ی نیوەڕۆ ئاگادارکراینەوە کە ئاگر لە باخەکانمان کەوتووەتەوە و سەرەتاش لە کێڵگەیەکی گەنمی نزیک لە باخەکان دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد".
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا، ئامارى ئاگرکەوتنەوە و چالاکییەکانى بەرگریى شارستانیی عێراقی لە پێنج مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ، خستەڕوو. لەو پێنج مانگەدا، پێنج هەزار و 544 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون. میقداد میرى دەشڵێت: "بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو، ئاگرکەوتنەوە 44% لە عێراق کەمیکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ