رووداو دیجیتاڵ
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شۆفێرانی بارهەڵگر رێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووکیان داخستووە. شۆفێرێک دەڵێت: "کرێی قەپان 5 هەزار دینارە و تەنیا لێرە 20 هەزار دینار وەردەگرن."
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی تەممووزی 2024، رێگەی نێوان کەرکووک بە ئاراستەی چەمچەماڵ لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگر بەتەواوی داخرا. هیوا حوسامەددین، پەیامنێری رووداو لەوێ ئامادەبوو و گوتی: "شۆفێران دەیانەوێت لە دەروازەی کەرکووک – چەمچەماڵ بێنە ژوورەوە. لەسەر ئەم رێگەیە قەپانێک دانراوە و پێویستە بارهەڵگران پێیدا تێبپەڕن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو قەپانەی لە رێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووک دانراوە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە کە بۆ هەر کێشانێک بڕی پێنج هەزار دینار وەربگرێت، بەڵام ئێستا کردوویەتی بە 20 هەزار. ئەمەش ناڕەزایی شۆفێرانی بارهەڵگری لێکەوتووەتەوە و رێگەیەکەیان داخستووە. چونکە لە قەپانی شارەکانی دیکە، نرخی هەر کێشانێک پێنج هەزار دینارە.
شۆفێرێکی بەرهەڵگر کە لەو رێگەیە مانی گرتووە و رێگەی داخستووە بە رووداوی گوت: "لە هەموو عێراق کرێی قەپان پێنج هەزار دینارە، تەنیا لێرە 20 هەزار دینار وەردەگرن. ئەمەش ستەمە و خودا هەڵناگرێت."
شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر بە رووداوی گوت: "ئەو قەپانە بێ هۆیە، نزیکەی دوو کاژێرە لێرە وەستاوین. خاوەنی ئەو قەپانە بۆچی 20 هەزارمان لێ وەردەگرێت؟ لە هەموو شار و شارۆچکەکان پێنج هەزار دینارە، خێرە لێرە 20 هەزارە؟ ناچینە نێو قەپانەکە و 20 هەزار نادەین. با لێرە بمێنینەوە و قەرەباڵخی دروست ببێت باشترە لەوەی 20 هەزار دینار بدەین."
ئەو قەپانانە حکومەت داویەتی بە کەرتی تایبەت، وەبەرهێنەر وەریانگرتووە. رووداو پەیوەندیی بەو کۆمپانیایە کرد کە خاوەنی ئەو قەپانەیە، تاوەکو بزانرێت بۆچی دەستکاری بەهای کێشانی کردووە و بەرزیکردووەتەوە؟ بەڵام ئامادەی لێدوان نەبوون.
وێنەیەکی دەقی رێککەوتنی نێوان ئەو کۆمپانیایە و حکومەتی عێراق دەست رووداو کەوتووە؛ لە خاڵی پێنجەمی رێککەوتنەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو کۆمپانیایە بۆ هەر کێشانێک بڕی 5000 دیناری عێراقی وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ