وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: "لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رۆژی 8ـی ئایاری 2024 دەرچووە، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەڕووی یاسایی و کارگێڕی و داراییەوە پێکهێنراوە تاوەکو بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت."
 
هەروەها هاتووە: "لەماوەی رابردوو لیژنە باڵاکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و ئێستا دۆسیەکە رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارە هونەری و کارگێڕییەکان تەواو بکرێت، روونیشیکردەوە وەکو وەزارەتی دارایی هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوون و لەماوەی رابردووش هەرچی پەیوەست بووبێت بە وەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە."
 
وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردووەتەوە کە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ تەرخانکردنی دارایی و دیاریکردنی میالاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان. 
 
سەنگاو محەممەد، یەکێکە لە دوو نوێنەرەکەی فەرمانبارانی گرێبەست کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە، بە رووداوی گوت: "وەزیری دارایی پێیگوتین بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست چاوەڕوانی حکومەتی ناوەندی دەکەن کە پارە بۆ ئەو بابەتە تەرخانبکات."
 
بەپێی داتاکانی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست 28 هەزار فەرمانبەر دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی 14 هەزاریان لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانین. جگە لەوەش دوو هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دیکە هەن کە گرێبەستی رۆژانەیان پێدەگوترێت.
 
مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە؛ پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی هەبووە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەڵام ئەمە راگیراوە. مووچەی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانە نزیکەی 11 ملیار دینار دەبێت.