رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر داوا دەکات ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا پڕۆژەی 'هەژماری من'یان نەکردووەتەوە، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە سەردانیان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرم.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر دوا کاتی بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دیایکرد کە تاوەکو ئێستا لە پڕۆژەی 'هەژماری من' بەشدار نین و رایگەیاندووە: "رۆژی پێنجشەمە، 18-7-2024، دوا کاتە بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی هەژماری من، بۆیە سەردانی بەشی ژمێریاریی پەروەردەی ناوەند بکەن بۆ پرکردنەوەی فورم، ئەوەی سەردان نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت."
داواش لە بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن دەکات بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداریان بکەنەوە.
پڕۆژەی 'هەژماری من' پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
شوباتی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی رۆژی چوارشەممە، 10-7-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگای هەولێر لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەیان وەرگرت، بەپێی ئەو بەرپرسە 32 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەمەودوا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ