کارگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ لە 2021ـەوە کارەکانی راگیراون؛ کاتی تەواوبوونی نادیارە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پێشەوا بەختیار
شیوە سوور، کە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی بازیان و چەمچەماڵە. وێنە: رووداو
شیوە سوور، کە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی بازیان و چەمچەماڵە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - چەمچەماڵ

شیوە سوور، جێگەی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی رۆژانەی بازیان و چەمچەماڵە، پاشماوە فڕێدراوەکان لەو شوێنە بوونەتە سەرچاوەی بژێویی بەشێک لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان.
 
پێنج ساڵ لەمەوبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلینی لە ناوچەکە دا، بەڵام دوای سێ ساڵ کارکردن تێیدا، بە نیوەناچڵی جێهێڵدراوە.
 
عەبدولڕەحمان یونس، کرێکار ئاماژە بەوە دەکات، "بەڕاستی ئەو کارگەیە بکرێتەوە، هەم بۆ ژینگە زۆر باشە، هەم بۆ خەڵک باشە کە دەتوانێت کاری تێدا دەستبکەوێت."
 
کارگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی بەشێکی دروستکراوە و تێچووەکەی 13 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە و نەختینە لە بانکەکان لە ساڵی 2021 کارەکانی راگیراوە؛ دوایین جار جێگری سەرۆکوەزیران بەڵێنی دا هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی بدات.
 
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی، "کاک قوباد بەڵێنی دا کار بکات بۆئەوەی چیان لەدەست بێت بۆ بەگەڕخستنەوەی کار لە کارگەی ریسایکلین."
 
کارگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ 55%ی کارەکانی تەواو بوون، وادەی تەواوبوونی 45%ـەکەی دیکەی نادیارە.
 
ئەو کارگەیە دوای تەواوبوونی، رۆژانە توانای ریسایکلینی 500 تۆن خۆڵ و خاشاکی سنووری 21 شارەوانیی هەیە، زیاتر لە 400 هەلی کاریش بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە