هەپەگە ناسنامه‌ی دوو گەریلای ئاشكرا ده‌كات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامه‌ی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ لە شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 20ـی ئایاری 2024، لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن: نیسان ئای، ناسراو بە یەکبوون شۆڕش، لەدایکبووی ئامەد. سێدات ئۆزەن، ناسراو بە رۆستەم هەمدەم، لەدایکبووی مووش. 
 
هەر ئەمڕۆ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی چوار سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە رۆژانی 12-14ـی مانگ لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی حەفتانین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بە ئەمانجکردنی 14 گەریلای پەکەکە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 لە هەردوو ناوچەی مەتین و گارا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.