رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ سێ رۆژ درێژدەکاتەوە. گوتەبێژى کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "ئەوانەى پێشتر بەربژێرانیان رادەست کردووە، دەتوانن لەو سێ رۆژەدا گۆڕانکاریى تێدا بکەن."
بەگوێرەى بڕیارێک کە ئەمڕۆ دووشەممە 15ى تەممووز، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەریکردووە، وادەى پێشکێشکردنى لیستى ناوى بەربژێرانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ درێژکردەوە، کە ئەمڕۆ کۆتایی هات.
درێژکردنەوەى ئەو وادەیە تاوەکو کۆتایی دەوامى رۆژى پێنجشەممە 18ى تەممووز دەبێت.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "درێژکردنەوەکە بۆ بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێتى، سەربەخۆکان، کۆتای پێکهاتەکانە."
بە گوێرەى بڕیارەکە درێژکردنەوەى ئەو وادەیە لەسەر داواى هۆبەى کاروبارى بەربژێرانى کۆمیسیۆن بووە. جومانە غەلاى گوتی، "لەو سێ رۆژەدا ئەو هاوپەیمانێتییانەى پێشتر لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە، دەتوانن گۆڕانکاریى تیادا بکەن."
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە ، لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە ، لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ