لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە کۆمەڵگەی چڕە کەسێک بریندار بوو

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە شارۆچکەی قەسرۆک لە سنووری قەزای شێخان، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و کەسێک بریندار بوو. 
 
مێهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک، ئەمڕۆ (شەممە 15-7-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەڕەکە بۆ کێشەیەکی کۆنی زەویی کشتوکاڵی دەگەڕێتەوە. لە شەڕەکەدا کەسێک بریندار بووە و دۆخەکە ئێستا کۆنترۆڵکراوە".
 
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی کێشەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک گوتی، "شەڕەکەی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر چوار هەزار و 216 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە. ماوەی چوار ساڵە ئەو زەوییە ناکێڵدرێت بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت". 
 
مێهران نێروەیی دەڵێت، زیاتر لە چوار جار شەڕ لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیە روویداوە و ساڵانە لە وەرزی کشتوکاڵییدا دەمەقاڵێ و مشتومڕ سەرهەڵدەداتەوە؛ گوتیشی، "پێش شەڕەکەی ئەمڕۆ، دوایین شەڕی نێوانیان ساڵ و نیوێک لەمەوبەر بوو، کە بووە هۆی کوژرانی ژنێک" و، لایەنی پەیوەندیداریش چەند کەسێکی لە هەردوولا بەو هۆکارە دەستگیرکرد.
 
وەک مێهران نێروەیی دەڵێت، دوای شەڕەکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر، هەشت تاوەکو نۆ کەس لە بنەماڵەی ژنە کوژراوەکە و لە بنەماڵەی بەرامبەریش کەسێک دەستگیرکرا، کە دواتر ئەو هاونیشتمانییە، "سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا". 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاستی باڵا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەدرێت، بەڵام هیچیەک لە بنەماڵەکان ئامادە نین رێکبکەون و هەر جارەی یەکێکیان مەرج لەسەر ئەوەی دیکە دادەنێت.