گالەری


رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گرانبوونی جۆ و پەین، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، 50٪ـی گامێشەکانی گوندی کانی ماران لە سنووری رانیە کەمبوونەتەوە.
 
مام خالید، دانیشتووی گوندی کانی مارانە و گامێش بەخێودەکات، دەڵێت، لە کۆی زیاتر لە 200 گامێش، ئەمساڵ کەمتر لە 100 گامێش لە گوندەکە ماونەتەوە و گوتیشی، بەهۆی گرانبوونی پەین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خەڵک ناچاربوون گامێشەکانیان بفرۆشن.
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، کانی ماران بە بەخێوکردنی گامێش بەنێوبانگە، بەڵام بەشی زۆری خەڵکی گوندەکە گامێشەکانیان فرۆشتووە و ناتوانن بەو دۆخەوە گامێشەکانیان بەخێوبکەن.
 
مام خالید هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، چەند ساڵێک پێش ئێستا هەر ماڵێکی گوندەکە نزیکەی 15 گامێشی هەبوو، دەشڵێت، تاوەکو یەک سەتڵی شیری گامێش بەرهەمدەهێنرێت، نزیکەی نۆ هەزار دینار لەسەر خاوەنەکەی دەکەوێت، بەڵام هەمان سەتڵی شیرەکە بە پێنج بۆ شەش هەزار دەیفرۆشێتەوە، ئەگەر وابڕوا، هەموو خەڵک واز لە بەخێوکردنی گامێش دەهێنن.
 
گوندی کانی ماران، دەکەوێتە سەر رێگەی سلێمانی - رانیە و لەڕووی کارگێڕێیەوە سەر بە قەزای حاجیاوایە لە سنووری رانیە. کانی ماران لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی قوڕەبەرازە و لە باشوور لەگەڵ گوندی سەرخمە و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی گردجان، هەروەها لە رۆژئاواش هاوسنوورە لەگەڵ گوندی قولێ.