رووداو دیجیتاڵ
کەسێک بە چەک هێرشی کردە سەر دووکانێکی زێڕ لە پارێزگای روهای باکووری کوردستان و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی حوزەیرانی 2024، لە بازاڕی قشلەی شارۆچکەی وێرانشار لە روها روویدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کەسێک بە دەمانچە چووەتە نێو دووکانێکی فرۆشتن و کڕینی زێڕ و تەقەی کردووە؛ دوو کەسی کوشتووە، زێڕینگەرەکەی بریندار کردووە و خۆیشی هەڵاتووە.
بە گوێرەی پۆلیسی وێرانشار، یەکێک لە کوژراوەکان موختاری گەڕەکی قشلە بووە و کوژراوی دووەمیش مامۆستا بووە لە هەمان گەڕەک.
تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشەکە نەزانراوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی 2023 لە تورکیادا 3 هەزار و 773 شەڕ روویانداوە؛ لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون. 763 لەو رووداوانە لە باکووری کوردستان بوون و 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ