کەشوهەوای رۆژانی جەژن؛ بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 47 پلەی سیلیزی

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی و رۆژانی دواتریش پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت و نزمترینیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
 
ئەمڕۆ شەممە 15-06-2024 کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سبەی "ئاسمان ساماڵ و هەندێک پەڵەهەور دەبێت، لەدوای نیوەڕۆوە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بارینی تاوە بارانێکی کورت هەیە. پلەی گەرماش نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ."
 
کەشناسی دەڵێت، لە رۆژانی جەژندا ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرما دوو پلە و لە ناوچەکانی گەرمیان سێ پلە بەرزتر دەبێتەوە؛ هەروەها بەهۆی چالاکبوونی باوە "ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک هەیە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان."
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چوار رۆژەکەی جەژن بە تێکڕا پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و بەرزترین پلەش لە باشووری گەرمیان دەبێت، کە 47 پلەی سیلیزی دەبێت."
 
ئەو کەشناسە گوتی، لە یەکەم و دووەم رۆژی جەژندا بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 42 پلەی سیلیزی، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆران نزمترین پلە تێیاندا تۆمار دەکرێت کە 37 پلەی سیلیزی دەبێت؛ لە پارێزگای دهۆک 37 بۆ 38 پلە و لە ئیدارەی زاخۆش بەرزترین پلە 39 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
محەممەد کەمال گوتیشی، "پلەی گەرما رۆژانی سێیەم و چوارەمی جەژن لە تەواوی هەرێمی کوردستان یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە. هەر چوار رۆژەکەش لە ئێوارەوە بۆ شەو خێرایی با چالاک دەبێت، بەتایبەت رۆژانی سێیەم و چوارەمی جەژن و لە هەندێک ناوچە خێراییەکە دەگاتە 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا."