لەنێو بازاڕی گەورەی خورماتوو تەقینەوەیەک روویدا و بریندار هەن

رووداو دیجیتاڵ 

تەقینەوەیەک لەنێو بازاڕی گەورەی خورماتوو روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون، قایمقامی خوورماتوو دەڵێت "لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە دەستیپێکردووە."
 
کاژێر 10:15ـی ئەمشەو (15-6-2024) لەنێو بازاڕی خورماتوو بۆمبێکی دەنگیی تەقییەوە، بە گوتەی پۆلیسی خورماتوو بۆمبەکە لەنێو بازاڕی گەورە کە زیاتر تورکمانی شیعەن، لەنێو حاویەیەکی خۆڵدا تەقیوەتەوە، بەهۆی کاریگەریی دەنگەکە، جامی دووکانەکانی دەورووبەری شکاوە و دوو کەس بەهۆی بەرکەوتنی پریشکی شووشەکان برینداربوون.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین بە رووداوی گوت، دوو کەس بریندارن و برینەکانیشیان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکە نەبووە، بەڵکو پڕیشکی شووشەیان بەرکەوتووە.
 
هیوا حوسامەددین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە خورماتوو گوتی، بریندارەکان باوک و منداڵێک بوون کە لە یەکێک لە دووکانەکان بوون و لەگەڵ تەقینەوەکە، جامی ئەو دووکانەش شکاوە و پریشک بە باوک و کوڕەکە کەوتووە و برینداربوون. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، برینی هەردوو بریندارەکە سووکە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی نەخۆشخانەی کۆماریی خورماتوو کراون.
 
بەهۆی ئەوەی هێزێکی زۆری پۆلیسی خورماتوو لەنێو بازاڕەکەدا هەبوون، ئەنجامدەری تەقینەوەکە نەیانتوانیوە لەنێو قەرەباڵخی بازاڕەکەدا بۆمبەکە دابنێن، بۆیە لە کۆتایی بازاڕەکەدا خستووەتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە.
 
حەسەن زەین عابدەین، قایمقامی خورماتوو بە هیوا حوسامەدینی گوت، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ لەپشت تەقینەوەکە بووە، باسی لەوەش کرد 'هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی سەیرکردنی کامێراکانی چاودێریین.'

 

 

 

نوێدەکرێتەوە..