هاتووچۆی سلێمانی: هەر ماتۆڕسکیلێک تابلۆی نەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت

 
رووداو - سلێمانی

بەشێک لە ماتۆڕسوارەکان لە کۆڵان و شەقامەکانی سلێمانی نمایش دەکەن و لەسەر یەک تایە لێدەخوڕن، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکە دروستدەکات، بەتایبەت کاتێک بەکۆمەڵ لێدەخوڕن.
 
ماتۆڕسوارێک دەڵێت، "ئەگەر ماتۆڕەکە دەنگی رەق و بەرز بێت، بەهێز دەبێت، نیو کلاج دەکەیت، خێرا پێشی ماتۆڕەکە بەرز دەبێتەوە. ئەم ماتۆڕانەش ئەگەر هێزە ئەمنییەکان لێمانی بگرن، لێمان دەستێنن؛ بەڵام ئەگەر دەنگی نەرم بێت کێشەی نییە، هیوادارین شوێنێکمان بۆ دابینبکەن، بۆئەوەی حەزی خۆمانی تێدا جێبەجێ بکەین."
 
ماتۆڕسوارێکی دیکە داوا لە حکومەتى هەرێمی کوردستان دەکات، شوێنێکیان بۆ دابین بکەن، بۆئەوەی بە ئازادی ماتۆڕ لێبخوڕن و لە کۆڵانەکان خەڵک بێزار نەکەن.
 
بە گوتەی ماتۆڕسوارێک، بەشێک لە ماتۆڕەکان خۆیان دەنگیان کەمە، بەڵام ئەو کەسانەى حەزیان لە دەنگی بەرزە، ساڵانساکەی دەگۆڕن.
 
بەشێک لە ماتۆڕەکان بە هەر شوێنێکدا بڕۆن پێش دەرکەوتنی خۆیان گوێبیستی دەنگی ماتۆڕەکان دەبیت. نامیق عەلی، هاونیشتمانی دەڵێت، "شوێنێکیان بۆ دابنرێت بۆ خۆیان یاریی تێدا بکەن زۆر باش دەبێت، نەک ئاوا لە کۆڵانێکدا 10 ماتۆڕ بەیەکەوە دەڕۆن و خۆیان دەکەن بە ژێر ئۆتۆمبێلێکدا و زیان بە خۆی و ماتۆڕەکە و ئۆتۆمبێلەکەش دەگەیێنێت."
 
حاجی عومەر بێسەری، هاونیشتمانی گوتی، "بارودۆخمان زۆر خراپە، ماتۆڕ بە دەنگی بەرزەوە لێ دەخوڕن و تەواو بێزاریان کردووین، ئەگەر کەسێک بۆ کارکردن ماتۆڕی پێبێت، ئاساییە، بەڵام گەنجان بە کۆمەڵ لێدەخوڕن و تەواو خەڵکیان بێزار کردووە."
 
بەشێک لە ماتۆڕەکان، بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، هیچ مۆڵەتێکیان نییە و بە قاچاخ بە پارچە پارچەکراوی دەهێندرێن، لێرە دەبەسترێن و بە ماتۆڕ دەفرۆشرێن.
 
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، "هەر ماتۆڕێک بە فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ هاوشێوەی ئۆتۆمبێل تابلۆی پێنەدرابێت، نووسراوی هاوردەکردنی لە خاڵە سنوورییەکان نەبێت و مامەڵەی تۆمارکردنی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت."
 
تەنیا لە ماوەی ساڵی 2022 و چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 34 ماتۆڕسوار گیانیان لەدەستداوە و 177 ماتۆڕسواری دیکە بریندار بوون.
 
نزیکەی 600 ماتۆڕسکیل لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەو ماتۆڕسکیلانە چاوەڕێی فەرمانێکن بۆ تێکشکاندن؛ هاوشێوەی ئەو 2000 ماتۆڕسوارەی لە ساڵی 2022دا تێکشکێندران.