لە ئامەد بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵە نۆ کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی بسمیلێی ئامەد، بەهۆی کێشەی زەویوزار ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بوو، لە ئەنجامدا نۆ کەس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ، (پێنجشەممە، 15-6-2023) لە گوندی شیداد کە سەر بە ناوچەی بسمیلێی ئامەدە، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا هەڵگیرساوە، هەردوولاش چەکیان لەدژی یەکدی بەکارهێناوە.
 
ژمارەیەکی زۆر جەندرمە چوونەتە گوندی شیداد و دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی رێکاری ئەمنیی تووند، هەروەها بریندارەکانیان بۆ بنکەی تەندروستی گواستووەتەوە.
 
بەهۆی رەوشی تەندروستیشیانەوە، هەر دوو بریندارەکە لەڕێگەی ئەمبیوڵانس لە بنکەی تەندروستیی گوندەکەوە بۆ نەخۆشخانەی شار گوازراونەتەوە.
 
عەلی ئیحسان سوو، پارێزگاری ئامەد لەبارەی رووداوەکە بۆ میدیاکان دوا و رایگەیاند شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵە لەسەر 200 دۆنم زەوی بووە.
 
پارێزگاری ئامەد ئەوکاتە گوتی "لەو شەڕەدا کە لەنێوان دوو ماڵبات لەسەر 200 دۆنم زەوی هەڵگیرساوە، بەداخەوە هەشت هاووڵاتییمان گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون. هاووڵاتییە بریندارەکانمان لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و تیمەکانی جەندرمە لە ناوچەکە رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر".
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو گەیشتە گوندەکە و، گوتی سەرەتا ژمارەی کوژراوەکان هەشت کەس بوو، دواتر بەرزبووەوە بۆ نۆ کوژراو و دوو بریندار.