برنجی ئاکرێ بە ناو و تامی کوردییەوە هەناردەی ئەوروپا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
برنجی کوردیی ئاکرێ بە ناو و تامی کوردییەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کار بۆ ئەوە دەکەن پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی باشتر بکەن.
برنجی شەش مەهی و جۆرەکانی دیکەش لە ئاش دەکرێن و لەڕێگەی چەند ئامێرێکەوە، دەخرێنە نێو کیسی یەک کیلۆیی و چوار کیلۆ و نیوییەوە. ئاراز حامد، بازرگانە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، نزیکەی 70 تۆن برنج، تەحین و سماقی خۆماڵیی هەناردەی دەرەوەی کردووە.
ئاراز دەڵێت، " ئێمە شەش جار بەرهەممان هەناردەی دەرەوە کردووە و ئەو وڵاتانەی بەرهەمەکانمان بۆ ناردوون بریتین لە سوێد، ئەڵمانیا، فینلاند و بەم نزیکانەش هەناردەمان بۆ وڵاتانی دیکەش دەبێت. دوایین بەرهەم کە هەناردەمان کردبێت پوونگ بووە، کە وەکو تێستێک ناردوومانە و لە داهاتوودا بەرهەمی زیاتر هەناردە دەکەین."
تائێستا، لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە، هەریەکە لە برنج، سماق، تەحین، پوونگ، هەنار و تڕشی کە لە چەندین بەرهەمی جیاوازی جووتیاران دروستدەکرێت، بۆ وڵاتانی ئەوروپی هەناردە کراون.
سەردار عەبدولرەحمان، بازرگانە و دەڵێت، " 25 تۆنی تڕشیی خۆماڵی هەناردەی ئەوروپا دەکەین. ئەمە جاری دەیەمە دەیبەینە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا. ترشیی خۆماڵی پێکدێت لە خەیار، ترۆزی و زەیتوون کە ئێمە دروستی دەکەین."
تاوەکو ئێستا، بەشێوەیەکی فەرمی، لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 تۆنی هەناری زاخۆ و هەڵەبجە هەناردەی وڵاتانی عەرەبی کراون. پلان هەیە بەرهەمی زیاتر هەناردەی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئەوروپیش بکرێت.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "ئێستا خەریکین پەیوەندی دەکەین بە وەربەرهێنەران و جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی خۆمان بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکەین بەو تایبەتمەندی و میکانیزمانەی وەزارەتەکەمان دایڕشتوون، یاخود بەو ناوەڕۆکانەی کە لێکتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی باشتر بکەین."
دوایین جار کە بەرهەمی خۆماڵی هەناردە کرابێت، 22 تۆنی برنج، تەحین و پوونگ بوو کە رەوانەی نەرویج کران.