درۆنێکی تورکیا بارەگایەکی سەر بە یەبەشە لە سنوونێ بۆردوومان دەکات؛ 'کوژراو و بریندار' هەن

رووداو دیجیتاڵ

درۆنێکی تورکیا بارەگای ئەنجوومەنی گەلی سنوونێی بۆردوومان کرد. بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، کەسێک بریندار بووە. سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی سنوونێ رایگەیاند، "کوژراوێک و 10 بریندار هەن."

پەیامنێری رووداو لە شنگال رایگەیاند، درۆنەکەی تورکیا بارەگایەکی سەر بە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشەی لە سنوونێ بۆردوومان کردووە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی سنوونێ بە رووداوی راگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشەکە 10 برینداری سڤیل گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان."

ئەو سەرچاوە تایبەتە ئاماژەی بەوەش کرد، "منداڵێک کە تەمەنی نزیکەی 10 ساڵ بووە و لەبەردەم دووکانەکەیدا بووە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە گیانی لەدەستداوە."
 
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ ناحیەی سنوونێ دوو جار بۆردوومان کراوە؛ لەبارەی ئەو منداڵەش کە گیانی لەدەستداوە گوتی، "منداڵێکی کچی 10 ساڵانە."
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەوە بڵاونەکراوەتەوە کە لەکاتی بۆردوومانەکەدا کێ لەنێو بارەگای ئەنجوومەنی گەلی سنوونێ بووە.