پزیشکێک لە تەندروستیی سلێمانی: رۆژانە 300 تووشبووی سکچوون و رشانەوە دێنە نەخۆشخانەکان


رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی لە تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رۆژانە 300 تووشبووی سکچوون و رشانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچنە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە.
 
د. هێرش حەیدەر، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی لە تەندروستیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "رۆژانە زیاد لە 300 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری سکچوون و رشانەوە دەچنە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و بە شێوەیەکی گشتی هەموویان بەهۆی پیسبوونەوە تووش بوون."
 
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو پەتای سکچوون و رشانەوە زۆر زیاتر بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانیشی بەهێزترن. ئەو نەخۆشانەی دەچنە نەخۆشخانەکان لە هەموو تەمەنەکانن.
 
د. هێرش حەیدەر لەوبارەوە گوتی: "بەپێی ئەو پشکنینانەی کردوومانن هۆکاری تووشبوونیان پیسبوونی ئاو و خۆراکە بە ڤایرۆس و بەکتریا. نەخۆشەکان شەکەتی و وشکبوونەوەیان پێوە دیارە و هەندێک جاریش کاری کردووەتە سەر سستبوونی گورچیلە. نیشانەکانی کۆلێرا لە تووشبووەکاندا دەبینرێن، بۆیە هەموو نەخۆشێک پشکنینی کۆلێرای بۆ دەکرێت."
 
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی راپەڕینیش گوتی: "بەپێی ئامارەکانمان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بەرەو زیادبوون دەچن، بەڵام زیادبوونەکە وەک ئەوەی سلێمانی نییە، ئێمە بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوە دەستمان کردووە بە پشکنینی ئاو و، نەخۆشخانەی تووشبووانی کۆرۆنایشمان بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردووە."
 
تەندروستیی شارەکان داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەن کە بیریان هەیە نموونەی ئاوەکەیان ببەن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکەن و بزانن لەم کاتەدا بۆ خواردنەوە گونجاوە یان نا بۆئەوەی لێی دڵنیاببنەوە.
 
ئارام ئیحسان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد لە باوەنوور باسی لەوە کرد: "ئێمە رۆژانە نزیکەی 15 تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانمان دەکەن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بەر لە خواردنەوە ئاو بکوڵێنن بە تایبەتی ئاوی بیر."