مەسرور بارزانی: لەگەڵ بەغدا رێککەوتین بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خۆشحاڵم رایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە رێککەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه"‌، ئه‌وه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا حيساب دەکرێت.
 
لە تویتەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان لەبارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ راستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "سوپاسی سەرۆکوەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی رێککەوتنەکە. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین."
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ پێدانی شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
 
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.
 
 
لە هەرێمی کوردستاندا 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
 
دەقی تویتەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
 
خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي).
 
سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین.