گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان: پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە دەکەین
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە دەکەن و دەڵێت، "ئەوە وەڵامێکە بۆ تاوانەکانی پەکەکە".
مزاحم حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "وەک هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، وەک یەکەم لایەن، پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە شنگال و مەخموور دەکەین".
گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان دەڵێت، "ئەمە وەڵامێکە بۆ تاوانەکانی رێکخراوی پەکەکە کە بەرامبەر بە ژنانی عەرەب کردیان کە ئێستا لە زیندانەکانی پەکەکەدان و رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی دەبنەوە. ئەوەش لە بەندیخانە ژێر زەوییەکان لە چیای شنگال و ئەو زیندانانەی دیکە کە لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێن". دەشڵێت، "ئێمە وەک هۆزە عەرەبییەکان زیاتر لە هەشت زیندانی نهێنیمان تۆمارکردوون کە لەژێر زەویدان و نزیکەی 50 دەستگیرکراوی پیاو و ژنیان تێدایە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "هۆزە عەرەبییەکان پێشتریش داوای دەرچوونی پەکەکەیان لە شنگال و مەخموور کردووە، چونکە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە. قێزەونترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی کردووە، هەر لەو کاتەوە شنگال و مەخموور و بەشێک لە قەزای بەعاجیان داگیرکردووە. بە ئاشکرا پێشلکاری و تاوان دەکەن و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە تونێل لە چیای شنگال لێدەدەن".
مزاحم حوێت دەڵێت، "داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەکەین، بڕیاری دەرکردنی رێکخراوی پەکەکە لە شنگال و مەخموور بدەن، ئەوەیش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی بێتاوان".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی شنگال، قەرچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکورکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد.