26 فڕۆکەی F16ی تورکیا بۆردوومانی قەندیل، شنگال، مەخموور، ئامێدی و دێرەلووکیان کرد

15-06-2020

00:19

کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی بۆردوومانەکەی تورکیا دەکات

 
کۆمکاری عەرەبی ئیدانەی بۆردوومانەکەی رابردووی تورکیا دەکات کە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستانی کردە ئامانج.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 15/6/2020، ئەمینداریەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی مانگی ئاداری رابردوو  بڕیارێکی پەسندکرد بە ناونیشانی "هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبی لە بەرامبەر پێشلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەریی عێراق"، کە تێیدا دەستوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا لە باکووری عێراق ئیدانە دەکات، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی دەنگ رەزامەندیان لەسەر ئەو بڕیارە دا، تەنیا یەک وڵات تێبینی هەبووە. نێوەڕۆکی بڕیارەکە ئیدانەکردنی هێرشی تورکیایە بۆ نێو خاکی عێراق و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات دەستبەجێ و بێمەرج هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئەو هێرشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عەرەبی هەڕەشەیە".  
 
کۆمکاری عەرەبی  جەخت لەوەدەکاتەوە، بڕیارەکە پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکات لە گرتنەبەری رێکارەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی کە ئامانجەکەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە خاکی عێراق و فەراهەمکردنی سەروەریی حکومەتی عێراقە بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.
 
کۆمکاری عەرەبی  دەڵێت، "دەستوەردانەکانی تورکیا لە سووریا، لیبیا یان لە عێراق، سەرچاوەی نیگەرانییە، سەرجەم وڵاتانی عەرەبی ئیدانە و رەتیاندەکانەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی خواستی فراوانخوازیی تورکیایە بۆئەوەی بگەڕێتەوە رابردووی، کە ئەمەش لە جیهانی هاوچەرخماندا هیچ شوێنێکی نییە". 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

21:50

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان: پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە دەکەین

 
 
گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە دەکەن و دەڵێت، "ئەوە وەڵامێکە بۆ تاوانەکانی پەکەکە".
 
مزاحم حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "وەک هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، وەک یەکەم لایەن، پێشوازی لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە شنگال و مەخموور دەکەین". 
 
گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکان  دەڵێت، "ئەمە وەڵامێکە بۆ تاوانەکانی رێکخراوی پەکەکە کە بەرامبەر بە ژنانی عەرەب کردیان کە ئێستا لە زیندانەکانی پەکەکەدان و رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی دەبنەوە. ئەوەش  لە بەندیخانە ژێر زەوییەکان لە چیای شنگال و ئەو زیندانانەی دیکە کە لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێن". دەشڵێت، "ئێمە وەک هۆزە عەرەبییەکان زیاتر لە هەشت زیندانی نهێنیمان تۆمارکردوون کە لەژێر زەویدان و نزیکەی 50 دەستگیرکراوی پیاو و ژنیان تێدایە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "هۆزە عەرەبییەکان پێشتریش داوای دەرچوونی پەکەکەیان لە شنگال و مەخموور کردووە، چونکە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە. قێزەونترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی کردووە، هەر لەو کاتەوە شنگال و مەخموور و بەشێک لە قەزای بەعاجیان داگیرکردووە. بە ئاشکرا پێشلکاری و تاوان دەکەن و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە تونێل لە چیای شنگال لێدەدەن".
 
مزاحم حوێت  دەڵێت، "داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەکەین، بڕیاری دەرکردنی رێکخراوی پەکەکە لە شنگال و مەخموور بدەن، ئەوەیش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی بێتاوان".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی شنگال، قەرچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکورکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد.
زیاتر بخوێنەوە

13:47

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: بۆردوومانەکانی تورکیا ئیستیفزازییە

رووداو
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەرکۆنەی بۆردوومانەکەی تورکیا دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناویدەبات و داوا لە تورکیا دەکات دووبارەی نەکاتەوە. هەروەها دەڵێت، ئەو بۆردوومانانە ئیستیفزازکردنی عێراقن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەتووندی سەركۆنە دەكەین، كە شەوی رابردوو 18 فڕۆكەی توركی بە ئاراستەی قەزاكانی شنگال، مەخموور و گوێڕ تاوەكو قەزای شرگات بە قوڵایی 193 كیلۆمەتر لە سنووری توركیاوە ئاسمانی عێراقیان بەزاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی ئاوارەکانیان بۆردوومانکردووە و هۆشداریی دەدەنە تورکیا کە دەبێت رێز لە دراوسێتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگرێت و داوا دەکەن دووبارە نەکرێتەوە. لەهەمانکاتدا ئامادەیی دەردەبڕن بۆ هەماهەنگیی دوولایەنە بەمەبەستیی پاراستنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی شنگال، قەرچووغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 81 ئامانجی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان پێکاوە.
 
لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە تەنیا لە شنگال سێ ئەندامی یەپەشە برینداربوون.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو، خودێدا چوکی بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ گوتی، سێ ئەندامی سەر بە هێزەکانی یەپەشە لە هێرشەکەی شەوی رابردووی تورکیادا لە سنووری شنگال برینداربوونە.
 
بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر کەمپی مەخموور گوتی، کاژێر 00:00 بۆردوومانی کەمپی مەخموور کرا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کەمپەکەدا سووڕانەوە، لە کاژێر 00:00وە تاوەکو کاژێر 01:10 خولەک بۆردوومانی سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموورکرا. لەو بۆردوومانەدا جیا لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
 
هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردوومانەوە، گوتی، بۆردوومانەکە رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموور بووە و، 4 بۆ 5 جار فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، بەهۆیەوە خانووەکان داڕماون و باخچەکان تێکچوون، بەهۆی بەهێزی دەنگی مووشەکەکانیش "پەردەی گوێی منداڵان تەقیوەو هەندێکیش لەترسان لەهۆش خۆیان چووبوون، هەر بەو هۆیەوە 5 تاوەکو 6 منداڵ برانە نەخۆشخانە".
 
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنوورەکەیان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەو پووش و پاوانەشی هەیە پێشتر سووتابوون، بۆیە ئەو شوێنانەی پووش و پاوانیشی نەماوە تاوەکو بسووتێت.
 
هەروەها شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند ئەو شوێنانەی شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومانکراون، لە سەنتەری شارۆچکەکەوە دوورن و گوندی چۆڵکراون.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:48

لە بۆردوومانەکەی تورکیا چەند گوندێکی دینارتە کراونەتە ئامانج

رووداو
لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، چەند گوندێکی شارۆچکەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ بۆردوومانکراون، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
 
شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند ئەو شوێنانەی شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومانکراون، لە سەنتەری شارۆچکەکەوە دوورن و گوندی چۆڵکراون.
 
بۆردومانەکەی دینارتە، لە کاژێر 9:30ی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە و تاوەکو کاژێر 10:00 بەردەوامبووە، تێیدا گوندەکانی بوبوڵا و کافیا بۆردوومانکراون.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە دەڵێت، ئەو گوندانەی بۆردوومانکراون خەڵکی تێدا ناژین و چەندین ساڵە بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە چۆڵکران و نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە، بەڵام خەڵک هێشتا لەو ناوچە رەز و باخیان ماون و ماوە ماوە سەردانی دەکەن، هەروەها ناوچەکە لەوەڕگەیە و شوانەکان مەڕەکانیانی تێدا دەلەوەڕێنن.
 
شارۆچکەی دینارتە 84 گوندی هەیە و تاوەکو ئێستا 20 گوندی بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە چۆڵکراون. شەعبان خەلیل بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ زانیارییەکیان نییە کە بۆردوومانەکان زیانی گیانی لێکەوتبێتەوە.
زیاتر بخوێنەوە

10:30

سێ ئەندامی یەبەشە لە بۆردوومانەکەی تورکیا برینداربوون

رووداو
رووداو
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ گوتی، سێ ئەندامی سەر بە هێزەکانیان لە هێرشەکەی شەوی رابردووی تورکیادا لە سنووری شنگال برینداربوونە.
 
لەنێوان کاژێر 12ی شەو بۆ 2ی بەرەبەیان فڕۆکەکانی تورکیا بە نزیکەی 20 مووشەک بۆردوومانی چیای شنگالیان کردووە. خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانجی تورکیا لەو هێرشە ئەوەیە خەڵکی ئێمە بترسێنێت و نەگەڕێنەوە شنگال، ئەمەش پەیوەستە بە ئەجێندای خۆی بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەو شوێنە دەربکات، ئەم پیلانگێڕییەکە بۆسەر چیای شنگال."
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ دەڵێت، ئەگەر تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەبێت دەتوانێت لە ئیستەنبووڵ کێشەکەی لەگەڵ ئەوان چارەسەر بکات، ئەو هێزەی لە چیای شنگالە یەکینەکانی پاراستنی شنگال یەپەشەن و خەڵکی ئێمەن، پێویست ناکات  لێیان بدات.
 
لەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەوتوونەتەوە، گوتی، سێ بریندارمان هەن، ئەوانیش خەڵکی شنگالن لە ریزی هێزەکانی یەپەشە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:23

پەیامنێری رووداو: 33 جار دەورووبەری کەمپی مەخموور بۆردوومانکراوە

پەیامنێری رووداو لە مەخموور
پەیامنێری رووداو لە مەخموور
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو چووەتە مەخموور بۆ بەدواداچوونی زیانەکانی بۆردوومانەکەی شەوی رابردووی فڕکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر سنووری مەخموور بەتایبەت دەورووبەری کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەمپی پەنابەرانی مەخموورەوە بە پەیامنێری رووداو دراوە، لە کاژێر 12:00 بۆ ماوەی 40 خولەک 33 جار سنووری کەمپەکە بۆردوومانکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەشێکی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ پاراستنی گیانیان چوونەتە نێو مەخموور و بەیانیی ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە نێو کەمپەکە.
زیاتر بخوێنەوە

10:14

بۆردوومانەکەی سیدەکان دوو فڕۆکە کردوویانە و زیانی گیانی نەبووە

لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان، شەوی رابردوو دوو فڕۆکەی تورکیا چەند جارێک سێ گوندی ئەو سنوورەیان بۆردوومانکردووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنوورەکەیان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەو پووش و پاوانەشی هەیە پێشتر سووتابوون، بۆیە ئەو شوێنانەی پووش و پاوانیشی نەماوە تاوەکو بسووتێت.

بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان باسی بۆردوومانەکە دەکات و دەڵێت، کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو دوو هێلیکۆپتەر بەسەر سیدەکان دەسووڕانەوە، دواتر لە کاژێر 12:05ی دوای نیوەشەو جموجۆڵی دوو فڕۆکەی سەربازیی دەستیپێکرد و لە کاژێر 12:15ی دوای نیوەشە و گوندەکانی کونەڵە و شێلکان و لێلکان چەند جارێک بۆردوومانکران.

دوای بۆردوومانکردنی ئەو سێ گوندە، دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی تورکیا بەسەر قەرەقۆلەکان سووڕاونەتەوە و لە دوای کاژێر 1:00 پاش نیوەشەو جموجۆڵی فڕۆکەکان نەماون.

سیدەکان 264 گوندی هەیە، بەڵام 118 گوندی بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردومانەوە چۆڵکراون و تەنیا 146 گوندی ئاوەدانن.
ناحیەی سیدەکان، لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان دەکرێت، هاوکات ناوە ناوە لەلایەن ئێرانەوە بەبیانووی هەبوونی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆمباران دەکرێت.

سوپای تورکیا، بە قووڵی 30 کیلۆمەتر هاتووەتەوە نێو ناحیەی سیدەکان و قەرەقوولە سەربازییەکانی تەنیا 7 کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورن. 

ئەو پێکدادانانەی لە ناوچەکانی سیدەکان روودەدەن، لە ساڵی 2017وە بووەنەتە هۆی کوژرانی پێنج کەسی سڤیل و برینداربوونی 10 کەسی دیکە. بۆردوومانەکانی تورکیا چوار کوژراو و حەوت برینداری سڤیلی لێکەوتووەتەوە، بۆمبارانەکانی ئێرانیش یەک کوژراو و سێ برینداری لێکەوتووەتەوە، بەگوێرەی ئەو داتایەی لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە وەرگیراوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان روونیدەکاتەوە، ئێستا مەترسی لەسەر 20 گوندی دیکەی ناحیەکە هەیە کە چۆڵبکرێن بەهۆی پێکدادانەکان و نزیکبوونیان لە قەرەقوولە سەربازییەکانی تورکیا، بەتایبەتی گوندی زیلکان کە کەمتر لە 500 مەتر لە قەرەقوولە سەربازییەکانی تورکیاوە دوورە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:08

هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور: بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

"فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە"
"فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە"
بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر کەمپی مەخموور گوتی، کاژێر 00:00 بۆردوومانی کەمپی مەخموور کرا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کەمپەکەدا سووڕانەوە، لە کاژێر 00:00وە تاوەکو کاژێر 01:10 خولەک بۆردوومانی سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموورکرا. لەو بۆردوومانەدا جیا لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
 
بەدران پیرانی بۆردوومانەکەی تورکیا بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی جێگەی خەمناکیشە بۆ دەوڵەتی عێراق کە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا سەتان کیلۆمەتر دەبڕن و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکەن و پەنابەرانی کەمپی مەخموور دەکەنە ئامانج.
 
هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردوومانەوە، گوتی: "بۆردوومانەکە کرایە سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموور، 4 بۆ 5 جار فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، بەهۆیەوە خانووەکان داڕماون و باخچەکان تێکچوون، بەهۆی بەهێزی دەنگی مووشەکەکانیش پەردەی گوێی منداڵان تەقیوەو هەندێکیش لەترسان لەهۆش خۆیان چووبوون، هەر بەو هۆیەوە 5 تاوەکو 6 منداڵ برانە نەخۆشخانە".
زیاتر بخوێنەوە

09:46

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 81 ئامانجی پەکەکەمان پێکاوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 81 ئامانجی پەکەکەمان پێکاوە
رووداو- ئەنقەرە

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی شنگال، قەرچووغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 81 ئامانجی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان پێکاوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێك کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 00:00 شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لە ناوچەکانی شنگال، قەرچووغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕک بۆردوومانکردووە و لە بۆردوومانەکاندا 81 ئامانجی پەکەکەیان پێکاوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە لە ماوەی رابردوودا هێرشەکانی "پەکەکە بۆ سەر سەربازگە و یەکە سەربازییەکانمان زیادیکردووە".
 
لەبارەی هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکەشەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵک و سنوورەکانمان و لەناوبردنی "پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە"، بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی بەرگری رەوای خۆمان بەکاردەهێنین و لە چوارچێوەیەدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال، قەرچووغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕک لە باکووری عێراق (باشووری کوردستان) ئەنجام دەدرێن.
 
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە باشووری کوردستان کە بە "چڕنووکی هەڵۆ" ناو نراوە، بە بەشداری فڕۆکەی ئێف-16 بەرەبەیانی ئەمڕۆ 15-6-2020 دەستیپێکرد.
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوەندی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەلایەن خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپا و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت.  

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:50

26 فڕۆکەی F16ی تورکیا بۆردوومانی قەندیل، شنگال، مەخموور، ئامێدی و دێرەلووکیان کرد

پەیامنێری رووداو: شەوی رابردوو تورکیا 10 مووشەکی ئاراستەی چیای شنگال کردووە
پەیامنێری رووداو: شەوی رابردوو تورکیا 10 مووشەکی ئاراستەی چیای شنگال کردووە
رووداو - هەولێر 
 
پەیامنێرانی رووداو باسی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)  دەکەن، پەیامنێری رووداو لە شنگال دەڵێت، شەوی رابردوو 10 مووشەکیان ئاراستەی چیای شنگال کردووە و زیاتر لە 20 جار بۆردوومانی ناوچەکەیان کردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون. 
 
زیاتر لە 20 جار چیای شنگال بۆردوومانکراوە
 
 
تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو لە سنووری قەزای شنگال لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە گوتی، شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زیاتر لە 10 مووشەکیان ئاراستەی ناوچەی چل مێران لە سەرووی چیای شنگال کردووە. هەروەها زیاتر لە 20 جار چیای شنگال بۆردوومان کراوە. 
 
لەسەر چیای شنگال نزیکەی دوو هەزار و 300 خێزانی ئاوارە لە نزیکی شوێنی بۆردوومانەکە دەژین، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون. پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، بۆردوومانەکە نزیکەی 45 خولەک بەردەوام بووە. 

 

 

 

 

 

26 فڕۆکەی ئێف 16 بەشداربوون
 
 
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە، لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەو توانا سەربازییەی بەکارهاتووە، رایگەیاند زانیاریی زۆر لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 26 فڕۆکەی ئێف 16 بەشداربوون.
 
ئەو ناوچانەی ئەمجارە تورکیا بۆردوومانی کردوون جیاوازترن لە ناوچەکانی پێشتر
 
 
ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک سەبارەت بە بۆردوومانەکە گوتی، ئەو شوێنانەی ئەمجارە تورکیا بۆردوومانی کردووە جیاوازە لە شوێنەکانی دیکە کە پێشتر بۆردوومانی کردوون، لە کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانیان بۆ سەر ناوچەکانی قەزای ئامێدی دەستیپێکردووە و دواتر ناوچەکانی بەرێ گارە لەوانە گوندەکانی (کافێیە، سارکێ و رێدێنی) کە سەر بە ناحیەی دێرەلووک و قەزای ئامێدین بۆردوومانکردووە. دواتر ناوچەکانی دەڤەری دینارتەی لە سنووری قەزای ئاکرێ بۆردوومانکردووە. 
 
بە گوتەی چەند کەسێک کە لە شوێنی بۆردوومانەکە پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە دەنگی فڕۆکەکان و بۆردوومان لە کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو تاوەکو کاژێر 01:30 خولەک بەردەوام بووە. هەروەها ئەو بۆردوومانە ترسێکی زۆری لەنێو خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە. 
 
دەڤەری برادۆست و بناری قەندیل لەلایەن تورکیا بۆردوومانکراون

 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە سۆران دەڵێت، هەردوو دەڤەری برادۆست و بناری قەندیل کەوتوونەتە بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا. بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە دەڤەری برادۆست شتێکی نوێ نییە، چونکە شەوانە تورکیا لەڕێگەی تۆپە دوورهاوژەکانییەوە یاخود لەڕێگەی فڕۆکەکانەوە دەڤەرێکی بەرفراوان بۆردوومان دەکات بەتایبەت هەردوو گوندی لێلکان و شێرکان کە نزیکن لە قەڵا سەربازییەکانی تورکیا. 

سەبارەت بە بۆردوومانی بناری قەندیل، پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە 15ی مانگی رابردووە کە زینی وەرتێ بۆردوومانکرا، ئیدی تورکیا بۆردوومانی ئەو ناوچانەی نەکردبوو. بەڵام شەوی رابردوو بۆردوومانەکە سنووری شارۆچکەی وەرتێی سەر بە سنووری قەزای رواندزی گرتەوە، بەتایبەت بۆردوومانی بەرزاییەکانی دڕەبی کراوە. 

موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ کە بۆ رووداو قسەی کردووە رایگەیاند، بەرزاییەکانی ناوچەی دڕەبی خەڵکی تێدا ناژیت و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 

لە بناری قەندیل گوندەکانی سنووری شارۆچکەکانی  ژاراوە و سەنگەسەریش بۆردوومان کراوە، پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، شەوی رابردوو بۆردوومان لە گەلی بەدران هەبووە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بناری قەندیل. 

پەیامنێری رووداو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە گەلی بەدران دەڵێت، نزیکەی 15 بۆ 16 ساڵە بۆردوومان دەکرێت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. جگەلە سووتانی پووش و پەڵاش.
زیاتر بخوێنەوە