هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور: بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

15-06-2020
"فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە"
"فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە"
نیشانەکردن تورکیا پەکەکە شنگال
A+ A-
بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر کەمپی مەخموور گوتی، کاژێر 00:00 بۆردوومانی کەمپی مەخموور کرا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کەمپەکەدا سووڕانەوە، لە کاژێر 00:00وە تاوەکو کاژێر 01:10 خولەک بۆردوومانی سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموورکرا. لەو بۆردوومانەدا جیا لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
 
بەدران پیرانی بۆردوومانەکەی تورکیا بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی جێگەی خەمناکیشە بۆ دەوڵەتی عێراق کە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا سەتان کیلۆمەتر دەبڕن و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکەن و پەنابەرانی کەمپی مەخموور دەکەنە ئامانج.
 
هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردوومانەوە، گوتی: "بۆردوومانەکە کرایە سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموور، 4 بۆ 5 جار فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، بەهۆیەوە خانووەکان داڕماون و باخچەکان تێکچوون، بەهۆی بەهێزی دەنگی مووشەکەکانیش پەردەی گوێی منداڵان تەقیوەو هەندێکیش لەترسان لەهۆش خۆیان چووبوون، هەر بەو هۆیەوە 5 تاوەکو 6 منداڵ برانە نەخۆشخانە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە