رووداو - هەولێر
رۆژی هەینی 15ی حوزەیرانی 2018، هاوکات لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش کرایە جەژنی رەمەزان. هاونیشتمانییان بە خوێندنی نوێژی جەژن و سەردانکردنی یەکدی، جەژنی رەمەزانیان پیرۆزکرد.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جەژنەکان یەک رۆژن. دۆخی خراپی ئابووری خەڵک لە رێوڕەسمەکانی جەژنی ئەمساڵدا رەنگی داوەتەوە. خەڵک توانای کڕینیان لاواز بووە و نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان بەرزبووەتەوە.
مامۆستایانی ئایینی لە گوتارەکانی نوێژی جەژندا، داوایانکرد کێشە ئابوورییەکان چارەسەربکرێن و بەرپرسان بە دادپەروەری هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک بکەن.
نوێژی جەژن هەمووانی لێک کۆکردووەتەوە. پیاوانی ئیماندار نوێژی بەیانی جەژن لە مزگەوت بە جەماعەت دەکەن. رۆژانی جەژن، ریزی نوێژخوێنان لە هەموو کات زیاترە. پێشنوێژی مزگەوتەکانیش دوای نوێژ، خوتبە دەدەن.
ئەوان باسی بابەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی و کێشەکانی خەڵک دەکەن. گوتارەکانی نوێژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ لەژێر کاریگەری دۆخی خراپی ئابووری ئێراندایە. پێشنوێژ داوادەکەن بەرپرسان ئاگاداری خەڵک بن و دادپەروەرانە هەڵسوکەوت بکەن.
دوای تەواوبوونی نوێژ و خوتبە، پیاوان لە مزگەوت جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن و دەگەڕێنەوە ماڵ بۆ خواردنی نانی جەژن. پێشتر لە گوندەکانی دەورووبەری شاری ورمێ باو بوو، نانی جەژن دەبردرایە مزگەوت، بەڵام ئێستا ئەو دابونەریتە نەماوە. بنەماڵەکان لەسەر سفرەی جەژن لێک کۆدەبنەوە.
دوای خواردنی نان، گەڕان بە ماڵاندا دەستپێدەکات. هاونیشتمانییان سەرەتا سەردانی ئەو ماڵانە دەکەن کە تازیەبارن یان نەخۆشیان هەیە. لەگەڵ خزم و کەسوکار و دراوسێکان. پیاوان و ژنان بە دەستە یان تاک تاک بە ماڵاندا دەگەڕێن.
مێرمنداڵ و لاوەکانیش بە جلوبەرگی نوێ خۆیان بۆ گەڕان و سووڕان ئامادەدەکەن. زۆربەیان لە رۆژانی جەژن جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن.
لە رۆژی جەژندا، زۆربەی خەڵک سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن. ئەوان سەر گۆڕەکان خاوێن دەکەنەوە. گوڵ و دارەکان ئاودەدەن و بە جلوبەرگی رازاوە، فاتیحا بۆ کەسانێک دەخوێنن کە لەدەستیان داون.
یەک لە نەریتە کۆنەکانی جەژن، جەژنانەیە. منداڵان لە گوندەکان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و دیاری جەژن وەردەگرن. ئەوان رۆژێکی خۆش بەسەردەبەن.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ