عەلی تەتەر: گۆڕان دژی گشتپرسی و سەربەخۆیین

رووداو - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت ، بزووتنەوەی گۆڕان راستە بەقسە دەڵێن ئێمە لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆیین، بەڵام دەرکەوت ئەوان دژی گشتپرسی و سەربەخۆیین. پێیوایە کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەستی خۆیاندا نییە و بە ئەجێندایەکی ئیقلیمی کاردەکەن.


عەلی تەتەر نێروەيی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و گشتپرسی باشووری کوردستان و ئەو پێشنیازەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خراوەتەڕوو، رایگەیاند: "پارتی دەیزانی لەگەڵ گۆڕان ناگاتە هیچ رێککەوتنێک، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە بڕیاری پێشوەختەی هەیە".

عەلی نێروەيی، دەڵێت: "گۆڕان بڕیاریداوە پێکهاتن و تەبایی و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لەنێو هەرێمی کوردستان دروست نەبێت، دژی گشتپرسی و سەربەخۆیین، راستە بەقسە دەڵێن ئێمە لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆیین، بەڵام کاردانەوەی ئەم دواییەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی و رازیبوونی پارتی و لابردنی هەموو هێڵە سوورەکان، دەمانزانی ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بە گۆڕان بدرێت جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە خاڵی سفر، بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی سەلماند و ئەوەش بۆ خەڵک سەلمێندرا".

بە بڕوای ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، "گۆڕان لەبەر چەند هۆکارێک ئامادە نییە بێتە پێشەوە، هیوادارین وانەبێت، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەستی خۆیاندا نییە و بە ئەجێندایەکی ئیقلیمی دژ بە پرۆسە و پرۆژەی گشتپری هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئومێدەوارین وانەبێت و چاوێک بەخۆیاندا بخشێننەوە".

سەبارەت بە ئەلتەرناتیڤێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، عەلی نێروەيی، دەڵێت: "پارتی و یەکێتی چۆن پێشتریش خەمی ئەو میللەتەیان لە ئەستۆدا بووە، ئێستاش پارتی و یەکێتی بە هاوکاری لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەتوانن ئەو گرێیە بکەنەوە و چارەسەری کێشەکانیش بکەن".

عەلی نێروەيی، دەشڵێت: "ناکرێت هەر چاوەڕێی هەڵوێستی گۆڕان بین، گۆڕان حیزبێکە دەیەوێت بە زۆر رای خۆی بەسەر گەل و لایەنە سیاسییەکان و زۆرینەدا بسەپێنێت، ناشبێت لایەنە سیاسییەکانی دیکە بکەونە ژێر کاریگەری هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو دەتوانن بەبێ گۆڕانیش پەرلەمان کارا بکەنەوە، گۆڕانیش ببێت بە ئۆپۆزسیۆن".

لە کۆبوونەوەی رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی رازی بوو پەرلەمان کارابکرێتەوە و یوسف محەممەد سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن بکات، پاشان دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بکرێ و گۆڕان کەسێکی دیکە لەجێگەی یوسف محەممەد دابنێت، ئەو پەیامەش بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندرا، بەڵام گۆڕان رەتیدەکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 14-6-2017، گرووپی راوێژی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە 20 کەس پێکدێ و رۆڵی دەستەی کارگێڕی حیزبەکانی دیکە دەبینێ، لەبارەی پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆبووەوە. 

دوای کۆبوونەوەکە شۆڕش حاجی، گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند: بۆ چارەسەری کێشە یاسایی ‌و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ‌و چارەسەری قەیرانی دارایی ‌و باشکردنی بژێوی ‌و گوزەرانی هاووڵاتیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەو دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە کارەکانی بکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان