پارەی ساختە خستیە زیندانەوە

15-06-2015
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن پارە زیندان
A+ A-
شەیدا قادر
رووداو- سلێمانی

وەك زۆربەی زیندانییەكان، ئەمیش بەهەموو شێوەیەك نكۆڵی لەو تاوانە دەكات كە ماوەی دوو ساڵە لەسەری خراوەتە كونجی زیندانەوە. 25 هەزار دیناری ساختە بەس بوو بۆ ئەوەی تانیای پێ‌ تاوانبار بكرێت و لەسەریشی سزا بدرێ.

تانیا، ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن 23 ساڵە، خاوەنی خوشكێك و دوو برایە، تاوەكو پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندووە. دواتر وازی لە خوێندن هێناوە و لە تەمەنی 19 ساڵیدا شووی كردووە. تانیا ژنی ماڵەوە بووە. باری ئابوورییان تاڕاددەیەك باش بووە و هاوژینەكەی كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كردووە. بە قسەی خۆی لەگەڵ مێردەی ژیانێكی خۆشیان دەگوزەراند.

وەك تانیا باسیكرد، هاوژینەكەی هەر پارەیەكی لە ئیشەكەی قازانج بكردایە، ئێواران كە دەگەڕایەوە دەیدایە دەستی ئەو. تانیا گوتی "ئێوارەیەكیان مێردەكەم گەڕایەوە و گوتی ئۆتۆمبێلەكەم فرۆشتووە و ئۆتۆمبێلێكی دیكەم كڕیوە، ئەو 750 هەزار دینارەم بۆ هەڵبگرە، منیش لێموەرگرت كە تەماشام كرد بەشێكی 25 هەزار دیناری بوو، دوای نانخواردن پێمگوت بەیانی هەندێك شتمان پێویستە دەیكڕم، ئەویش دەستیكرد بە گیرفانیدا ‌و چوار 25 هەزاری دامێ‌".

بەیانی تانیا دەچێتە ماركێتێكی نزیك ماڵی خۆیان، یەكێك لە 25 هەزار دینارییەكان خەرج دەكات، هەر ئەو رۆژە 25 هەزار دیناریش بە قوماشی پەردە دەدات. رۆژی دواتر دەمە و ئێوارە لە دەرگای ماڵی تانیا دەدرێت، كاتێك دەرگا دەكاتەوە، دەبینێ خاوەنی ماركێتەكەی سەرووی ماڵی خۆیانە لەگەڵ دوو پیاوی دیكە.

یەكێك لە پیاوەكان لە تانیا دەپرسێ‌ "تۆ دوێنێ‌ لە دوكانی ئەم پیاوە شتت كڕیوە؟". ئەویش دەڵێت: بەڵێ‌. پیاوەكە دەپرسێ‌ "چەند هەزاریت دا بەم خاوەن دوكانە؟". ئەویش دەڵێت: بیست ‌و پێنج هەزاری.

پیاوەكە 25 هەزار دینارییەك لە گیرفانی دەردێنێ‌ و دەڵێت: "لەو 25 هەزار دیناریانەت پێماوە". تانیا دەڵێت: "بەڵێ‌، وابزانم ماومە، بەڵام بۆچی دەپرسن، ئێوە كێن؟". ئەوانیش دەڵێن: "ئێمە كارمەندی ئاسایشین، دەكرێ‌ باقی پارەكانی دیكەمان بۆ بێنی؟".

تانیا دەچێتەوە ژوورەوە و جزدانەكەی دەهێنێت و دوو 25 هەزار دینارییەكەی دیكەیان دەداتێ‌. تانیا دەڵێت "پارەكەیان بەراورد كرد، گوتیان  تەواو ژمارەكانیان بەدوای یەكدایە، دیارە بەستە بەستەیە. منیش گوتم كاكە تێناگەم چی بەستە بەستەیە؟" ئەوانیش پێیدەڵێن "ئەو پارەیە تەزویرە، لەكوێت بوو؟ كوا باقییەكەی؟".

تانیا نكۆڵی لەوە دەكات لەوە زیاتری لەلا بێت، دوای پەیوەندیكردنی دوو كارمەندەكە بە سەرووی خۆیانەوە، دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكدار لە بەردەم ماڵی تانیا ئامادە دەبن و ماڵەكەی دەپشكنن، 750 هەزار دینارەكە دەدۆزنەوە.

كاتێك پرسیار لە تانیا دەكەن كە ئەم پارەیە چییە؟ ئەو دەڵێت "بیرم چوو پێتان بڵێم، ئەوە دوێنێ‌ هاوژینەكەم ئۆتۆمبێلێكی فرۆشتبوو، ئەو بڕە پارەیەی قازانج كردبوو لە ماڵەوە داینا".

تانیا هەر لەوێ‌ دەستبەسەر دەكرێت، پاشان مێردەكەشی دەستگیر دەكرێ‌. ماوەی 8 مانگ رادەگیرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەر خاوەنی پارە تەزویرەكان، دادگا بڕیار لەبارەی چارەنووسیان دەدات و تانیا بە 7 ساڵ و هاوژینەكەشی بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزا دەدرێ.

تانیا 3 ساڵ بەر لە هاوژینەكەی ئازاد دەكرێت، بۆیە هەر لە ئێستاوە كار بۆ ئایندەی خۆی دەكات و دەڵێت "لێرە لە بەشی ژنان خواردن ئامادە دەكەم، هەوڵدەدەم پارەیەكی باش كۆبكەمەوە، بۆ ئەوەی كاتێك لە زیندان چوومە دەرەوە، پێویستم بە كەس نەبێت، تاوەكو ئەوكاتەی مێردەكەشم ئازاد دەبێت".

تانیا هەرچەندە خۆی بە تاوانبار نازانێت بەڵام دەڵێت وانەیەكی باشی لە زیندان وەرگرتووە. ئەو ژنە ئەگەرچی بە بڕیاری دادگا تاوانەكەی بەسەردا ساخ بووەتەوە، بەڵام هێشتا نكۆڵی دەكات و دەڵێت "رۆژگار راستییەكان دەسەلمێنێ‌، بەو هیوایەم رۆژێك راستییەكان بسەلمێنم". 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە