سەرجەم رێگەکانی سلێمانی - هەولێر بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخران

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای داخستنی رێگەی کۆیە، کەرکووک، سماقووڵی و بالیسان، ئەمڕۆ رێگەی سکتان، کە تاکە رێگەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بوو لەنێوان هەولێر – سلێمانی، لەلایەن هاووڵاتییانەوە داخرا و جموجووڵی بازرگانیی نێوان ئەو دوو پارێزگایە پەکیکەوت.
 
لە شەوی رابردووەوە دانیشتووانی گوندی کاموسەک و چەند گوندێکی دیکەی بالیسان رێگەی سکتانیان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخستووە و رێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێک بەسەر رێگەکەدا هاتووچۆ بکات.
 
پێشتر هاووڵاتییان رێگەکانی کۆیە، سماقووڵی و بالیسانیان بەڕووی بارهەڵگر و تانکەرەکاندا داخستبوو، تاکە رێگەیەک بۆ هاتووچۆکردن لەنێوان هەولێر – سلێمانی مابووەوە، رێگەی سکتان بوو؛ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە شەوی رابردووەوە بە شۆفڵ گڵیان لەسەر شەقامەکە رۆکردووە و تەنیا رێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەدەن.
 
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر رێگەی سکتان شۆفێری یەکێک لەو بارهەڵگرانەی دواند کە بەهۆی داخستنی رێگەکەوە گیری خواردووە، ئەو شۆفێرە دەڵێت، "ئیتر مەگەر فڕۆکە بکڕین بۆئەوەی رێگەمان لێ نەگیرێت."
 
دانیشتووانی سەرجەم گوندەکانی سەر ئەو رێگایانە دەڵێن، بەهۆی خراپیی رێگەوبان و تێکچوونیان بەهۆی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان، رێگە بە هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە نادەن.
 
رێگەی سکتان تاکە رێگەیەک بوو کە هاتووچۆی بازرگانیی نێوان هەولێر - سلێمانی بەسەردا دەکرا، شۆفێری یەکێک لەو سەتان بارهەڵگرەی بەهۆی گرتنی ئەو رێگەوە گیری خواردووە دەڵێت، "گازوایلی کۆمپانیای کارم لە هەولێرەوە بار کرد و بردم بۆ سلێمانی، ئێستا بارەکەم داناوە و گەڕاومەتەوە بەرەو هەولێر، بەڵام رێگەکە گیراوە و ناهێڵن بگەڕێمەوە ماڵەوە."
 
بە گوتەی ئەو شۆفێری بارهەڵگرە، هەموو ئەو سووتەمەنیانەی دەیگوازنەوە هی حکومەتن، "ئێستا هەموو رێیەکمان بەڕوودا داخراوە و حکومەت هیچ هەوڵێکمان بۆ نادات، بەشێکی ئەو بارەی پێمانە نەفتا و غازە و مەترسیی گڕگرتنیان هەیە."