یەکێتیی مامۆستایان داوای گەڕاندنەوەی پاشەکەوت و لێبڕینەکانی مووچە دەکات

15-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەت دەکات مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕینەکان بخاتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێتەوە.
 
لە 62 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، رێکخراوەکە هەشت داواکاریی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان هەیە، دیارترینیان گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕینی مووچە، هەروەها پلە بەرزکردنەوەیە.
 
دیارترین داواکارییەکانی ئەو رێکخراوە کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی دامەزراندنیدا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ کردوون ئەمانەن:
 
- دەبێت پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ریزبەندیی یەکەمی بەرپرسیاریێتییەکان بن و زۆرترین توانای مادی بۆ بڕەخسێنێت.
 
- مامۆستایان و فەرمانبەران نەکرێنە قوربانیی ململانیی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت کۆتایی بە دواکەوتنی مووچە بهێندرێت و هەر کەسێک هەژماری تایبەتیی بانکی بۆ بکرێتەوە.
 
- کاربکرێت بۆ ئەوەی 44 مووچەی پاشەکەوتکراو و بە لێبڕین، هەروەها ئەو 12 مووچەیەی نەدراوە لەو هەژمارە بانکییە دابنرێت.
 
- گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوە.
 
- یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بەو نایەکسانییە بهێندرێت کە لە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر خانەنشینان دەکرێت.
 
- کۆتایی بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بهێندرێت و دابمەزرێندرێن.
 
مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یەکێتیی مامۆستایان داواکارییەکانی یاسایی و رەوان و لەپێناو بەرژەوەندیی مامۆستایان و پەروەردەیە، ئەگەر پرۆسەی 'هەژماری من' بە تەواوەتی بچەسپێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵبدات ئەو پارانەی پاشەوکەتی مووچە و لێبڕینەکانی مووچەی بخاتە سەر هەژماری مامۆستایان و فەرمانبەران."
 
حکومەتى هەرێمى کوردستان نزیکەى 18 تریلیۆن دینارى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران قەرزدارە، کە لەدواى ساڵى 2014 لەسەرى کەڵەکەبووە.
 
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە 15ـی ئایاری 1961 دامەزراوە، لە کاتی شەڕی ناوخۆدا دوولەت بوو، لە ساڵی 2007 هەردوو رێکخراوەکە یەکیانگرتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە