لە کەرکووک داعش هێرشی کردە سەر سوپای عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
چەکدارانی داعش لە نزیک قەزای دووبزی سەر پارێزگای کەرکووک هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق و دوو سەرباز بریندارن.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هێرشەکە کاژێر 9ـی شەوی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024 کراوە. چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی فەوجی دووی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق."
 
هێرشەکە بەپێی ئەو سەرچاوەیە لە نزیک گوندی عەلۆ مەحموودی سەر بە قەزای دووبز بووە و بەهۆیەوە دوو سەربازی عێراق بریندار بوون. 
 
لە شەڕەکەدا جگە لە بەکارهێنانی کڵاشینکۆف، چەکدارانی داعش قەناسیشیان بەکارهێناوە و لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە وەڵامدراونەتەوە.
 
لە سێ رۆژدا ئەوە دووەم هێرشی چەکدارانی داعشە بۆ سەر سوپای عێراق. شەوی دووشەممە 13ـی ئایاری 2024، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی فەوجی دووی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و بەهۆیەوە فەرماندەی فەوجەکە و چوار سەرباز کوژران و شەش سەربازی دیکەش بریندار بوون.